ڕێباز حەملان: حکوومەتی هەرێم لە دواکەوتنی مووچە بەرپرس نییە
ڕێباز حەملان، ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٥٤٩ ملیار و ٥٧٢ ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هێشتا وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی ئاب (مانگی هەشت)ی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
بەگوتەی ڕێباز حەملان
یاریدەرەکەی سەرۆکی حکوومەت دەپرسێت، کاتێک پرسیار لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، چۆن بەبێ ناردنی لیستی مووچەی مانگی هەشت، پارە بۆ مووچەی ئەو مانگە تەرخان دەکەن، “گوتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتمان بۆ ناردوون”، حەملان وا دەڵێ.
یاریدەرەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێی وایە: “ئەوە باشترین بەڵگەیە کە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم دەیکات، تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێڕی و یاسایی نییە”.
ئەو، ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێ، “لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت، ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتیان نارد، بەبێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت؟”.
بەگوتەی ڕێباز حەملان، ئەمڕۆ ٢٨ی ئاب، شاندێکی هونەری و دارایی حکوومەتی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوت سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە.