کۆیە؛ بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و ٢٦ کەسی دیکە بریندار بوون
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی کۆیە، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسەکە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و ٢٦ سەرنشینی دیکەیش بریندار بوون.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە، زۆربەی بریندارەکان ژن و منداڵن و ڕەوشی تەندروستی لانیکەم دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە تەندروستی کۆیە، بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، ئەو پاسەی وەرگەڕاوە، مامۆستا و قوتابییانی بنکەیەکی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی گواستووەتەوە، سەرنشینەکان خەڵکی هەولێرن و لەچقارچێوەی بەرنامەی بنکەکەدا گەشتی هەمان بنکەی هاوشێوەیان لە سلێمانی کردووە.
ئەو پاسەی وەرگەڕاوە، مامۆستا و قوتابییانی ناوەندێکی ئیسلامی (ڕێکخراوی ئیقرا)ی دەگواستەوە و ئەو هاووڵاتییەش گیانی لەدەستداوە، عوسمان ئەحمەد قەڵادزەیی، مامۆستا و سەرقافڵەی گەشتی قوتابییانی بنکەکەی هەولێر بووە.
بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە شاری کۆیە گواستراونەتەوە.