هه‌واڵ

دانا ئەحمەد مەجید: بەشداری گۆڕان لە حکوومەت بە زیانی خۆی و خەڵک شکایەوە

ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئامانجانەی حزبەکەیان لەپێناویدا بەشداری لە حکوومەت کرد، وەدینەهاتن و بەشداری گۆڕان لە حکوومەت، بە زیانی خۆی و خەڵک و ئۆپۆزسیۆنیش شکاوەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، دانا ئەحمەد مەجید ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، گۆڕان بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێک بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتدا کردووە، “بەو هیوایەی ئەوەی لەڕێی خەباتی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆمان ئەنجام نەدرا؛ لەڕێی بەشداریمانەوە لە حکوومەتدا خزمەتی هاونیشتمانیانمان بکەین، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لەسەری ڕێککەوتبووین جێبەجێی نەکرد”.

زیاتر گوتی: “ئەو بەشدارییە بە زیانی خەڵک و بزووتنەوەی گۆڕان و تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش شکایەوە، لەو ناوەندەشدا پاشەکشێی بزووتنەوەی گۆڕان بە کەمبوونەوەی متمانە دەنگی لەناو خەڵک بە گشتی و گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکاتیش ژمارەیەک کارەکتەر و سەرکردەی دیار و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان دوورکەوتنەوە”.

دانا ئەحمەد مەجید، وەک ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریکردنی حزبەکەی لە حکوومەت بە ئەزموونێکی ناسەرکەوتوو پێناسە کرد و گوتیشی: “لەبەرانبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەی کە ئەنجامدراوە و بۆتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان، داوای لێبوردن دەکەین، بەڵێن دەدەین لاپەڕەیەکی نوێ لە کاری سیاسیی بۆ خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەمان هەڵدەدەینەوە”.

ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، گوتیشی: “ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکوومەتدا ناکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button