دەستەی مافی مرۆڤ: گەنجەکەی هەولێر لەلایەن زێرەڤانییەوە کوژراوە
دەستەی دەستەی سەربەخۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پەیامێکی لەبارەی کوژرانی گەنجێک لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە.
پەیامەکە، دوابەدوای ئەوە دێت کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەم، ٣ی تشرینی یەکەم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی کورەک سنوری هەولێر، لەکاتی دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان خەڵک و هێزێکی زێرەڤانیدا کوژرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تیمێکی دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و دەرکەوتووە، هێزێکی زیرەڤانی بە مەبەستی لابردن و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوە و کۆنتڕۆڵکردنی زیادەڕۆیی، چوونەتە ئەو گوندە و دوای گەیشتنیان و دروستبوونی دەمەقاڵێ، لەلایەن ئەندامێکی هێزه سەربازییەکە بە فیشەک هاووڵاتییەک بریندار دەکرێت و دوای گەیشتنی بەنەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.
دەستەی مافی مرۆڤ، نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر ڕووداوەکە دەربڕیوە و بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ: “سەرکۆنەی کوشتنی ئەو گەنجەش دەکەین کە هیچ پاساوێک ڕیگا نادات بۆ ئەو حاڵەتە”.
زیاتر دەڵێ: “ئێمە لامان وایە ئەگەر هەر حاڵەتێکی دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵکی گشتی و زیادەڕۆیی هەیە پێویستە پەنا ببرێتە بەر یاسا و دادگا و بکەرانی ئەو کارانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە نەوەک بەکارهێنانی توندوتیژی”.
لەو ڕوانگەیەشەوە، داوا دەکات، دادگا ڕۆڵی خۆی لەو دۆسیەیەدا ببینێت و تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکە ڕادەستی یاسا بکرێت و سزای خۆی وەربگرێت.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: “وەک دەستەش لە نزیکەوە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی ئەو بابەتە”.