هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: پارتی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دەنگی من و بافڵ تاڵەبانی ساختە کردووە

قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی لێژنەی باڵای پارتی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دەنگی ئەو و بافڵ تاڵەبانی ساختە کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم، قوباد تاڵەبانی لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک بۆ جەماوەری حزبەکەی لە دەڤەری ڕاپەڕین، وەڵامی ڕاگەیەندراوی لێژنەی باڵای پارتی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن دایەوە و ڕایگەیاند، ئەو تۆمارە دەنگییەی بڵاویان کردووەتەوە، لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە و بە ژیریی دەستکرد دەنگی ئەو و بافڵ تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکەیان ساختە کردووە.

ڕوونکردنەوەکەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت، هەر ئەمڕۆ سێشەم، لێژنەی باڵای پارتی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، “بەڵگە”یان دەستکەوتووە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پیلانیان بۆ ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داڕشتووە. لێژنەکەی پارتی، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە کە وای پیشان دەدات، تۆمارە دەنگییەکە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بێت کە تیایدا باس لە داڕشتنی پێشوەختەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن.

لە کاردانەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا، قوباد تاڵەبانی گوتی: “پارتی هیچ کاتێک وەک ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆز و شڵەژاودا نەبووە، ترسێکی وەها گەورەیان لێ نیشتووە کە دەزانن وەک رابردوو ساختەکارییان بۆ ناچێتەسەر، پەنایان بردوەتەبەر ژیریی دەستکرد و دەنگی بەندە و سەرۆک بافڵیان بە شێوەیەکی سەقەت دروست کردوە تا بە خەیاڵی خۆیان پاشەکشە بە یەکێتی بکەن”.

زیاتر گوتی: “ئەم هەوڵانە هەمووی لە ترس و دڵەڕاوکێی دۆڕانەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە دەزانن ئەم یەکێتییەی ئێستا، یەکێتییەکەی پێش سێ ساڵ نییە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button