هه‌واڵ

دەستەی ژینگە مۆڵەتی ٨٣ پڕۆژە ڕەت دەکاتەوە

زێدپرێس

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، مۆڵەت و ڕێگەپێدانی ٨٣ پڕۆژەی لە هەرێمی کوردستان ڕەت کردووەتەوە، بەهۆکاری نەگونجان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ژینگە و سکاڵایشیان لە دژی دەیان سەرپێچی ژینگەیی تۆمار کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تایبەتی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، کە کار و چالاکییەکانی دەستەکەی لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەخۆگرتووە، لەماوەی ڕابردوودا، مۆڵەت و ڕێگەپێدانی ٨٣ پڕۆژەیان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگە نەگونجاون.

زۆرینەی پڕۆژە ڕەتکراوەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون (٣٤) پڕۆژە، دواتر پارێزگای سلێمانی (٢٦) پڕۆژە، لە دەڤەری ڕاپەڕین (١٠) پڕۆژە، دهۆک (٩) پڕۆژە و چوار پڕۆژەی دیکەیش لە گەرمیان ڕەت کراونەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدا، دەستەکە ڕەزامەندی لەسەر نۆ هەزار و ٣٠٢ پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داوە، کە مەرج و ڕێکارەکانی ژینگەپارێزییان تێدا ڕەچاوکراوە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، ئاشکرایشی کردووە، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، ١٣ هەزار و ٦٠٤ دۆسیەی دادگەیی و یاسایی لە دژی سەرپێچیکارانی ژینگە بەڕێوەبردووە، کە خۆی لە سکاڵای یاسایی، ئاگەدارکردنەوە، سزا و پێبژاردن و پڕکردنەوەی بەڵێننامەدا دەبینێتەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، زۆرترین دۆسیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...