ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بانکی بازرگانیی عێراق و تیمی هەژماری من ڕاگەیەندرا
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی ڕابردووش، هەریەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانیی عێڕاق (TBI) گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەست و واژوویان لەسەری کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).
وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوبراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت. نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. شایەنی باسە کە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) دەکرێت.
لەو ڕوانگەیەشەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، “بەزووترین کات سەردانی بریکارانی (هەژماری من) بکەن تاکو خۆیان تۆماربکەن”، و سوپاسی ئەوانەش دەکات کە “سەرەڕای بەربەستەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوەیان کرد کەوا هەژمارەکانیان بکەنەوە و کارتەکانیان وەربگرنەوە”.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توگین) تۆمار کردووە. هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توگین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.