ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر کچە چالاکێکی کورددا دەسەپێنێت
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە ئێستا لە بەندیخانەی ئەوین بەندکراوە، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەبولقاسم سەڵواتی” بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و بڕیاری سزادانەکەش بە ناوبراو گەیەندراوە.
ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا دوایین دانیشتنی دادگای وریشە مورادی بەڕێوەچوو. پارێزەرکانی وریشە مورادی لە یەکەمین و دووەمین دانیشتنی دادگاییەکەیدا مافی خوێندنەوەی دۆسییەی ناوبراویان پێنەدراوە و تەنانەت وریشە مورادیش مافی پارێزگاریکردن لەخۆی پێنەدراوە.
وریشە مورادی لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر و هاوکات لەگەڵ (ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە) بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە سەپاندرانی سزای سێدارە و لەسێدارەدرانی چالاکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مانی لەخواردن گرت، کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایاند.
لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە دۆسییەیەکی دیکەدا، وریشە مواردی لەگەڵ چوار چالاکوانی سیاسیی دیکەدا، بەندکراو لە بەندیخانەی ئەوین لەلایەن دادگای تاوانەکانی دوو “مجتمع”ی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولفەزڵ عامری شەهرابی سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاشیگەیاند، وریشە مواردی لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای پێنج مانگ بەندکران لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین، بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو دوای لێکۆڵینەوە وئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین گواسترابووەوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی داوە، وریشە مواردی، ڕۆژی سێشەم (١ی ئابی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوو. ناوبراو لەکاتی ڕفاندنیدا کەوتبووە بەر لێدانی توندی ئەم هێزانە و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابووەوە.
پێشتر هەنگاو، لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی بارودۆخی ناوبراو بڵاویکردبووەوە، کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە، وریشە مورادی لەژێر ئەشکەنجەی سەختی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و لەهۆشچووە.