هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: بەرگری لە مافەکانی خۆمان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر کاتێک بەغدا شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی خەرج کرد، نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکی تایبەت کە لە چوارچێوەی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، گوتی، وەک هەرێمی کوردستان بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان و ئەو کۆمپانیایانە دەکەین کە متمانەیان پێمان کردووە، کاتێک ماف و شایستە داراییەکانیان دا، نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.

مەسرور بارزانی، لەو دیدارەدا، باسی لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد لە دۆسیەی نەوتدا و لەو چوارچێوەیەشدا هەڵوەستەی لەسەر ناکۆکییەکان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرنجی خستە سەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و پیشانی دا، کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق ئەو ٦ دۆلارە نییە، کە ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەڵکو خەرجی دیکە لە بەشی دیکەوە بۆ تێچووی نەوت تەرخانکراوە.

ئەو لێدوانەی مەسرور بارزانی، لەکاتێکدا دێت، کە لایەنی عێراقی تەنیا ٦ دۆلاری بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێشنیازکردووە و ئەو بڕەیەش وەک کۆمپانیاکانی نەوت پێداگیری لەسەر دەکەن، زۆر کەمترە لەو شایستانەی بەگوێرەی گرێبەستەکانیان هەیانە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لەمەڕ دەستکردن بە هەناردەکردنەوەی نەوتیش، ئاماژەی بە دانوستانەکان لەنێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و بەغدا کرد و ڕوونیکردەوە، هەر کاتێک بەغدا شایستەکانی کۆمپانیاکانی نەوتی خەرج کرد، نەوت ئامادەیە بۆ هەناردەکردن و لەو ڕوانگەیەشەوە گوتی “نازانین کەی دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکرێتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...