ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتییەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە
ئەمڕۆ ١٧/١٢/٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، خرانە بەرباس. هەردوولا کۆک بوون لەسەر تەبایی و هاوهەڵوێستی لە پارێزگاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێم و هەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە کرا، هەردوولا هاوڕابوون کە بە زووترین کات کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی کە حوکمڕانیی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بکەن، بەشێوەیەک کە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی بکات.
لەم ڕووەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش کار لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئەو بەرنامەیە بکات بۆ کۆبوونەوەی ئایندە.
١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤