پێشنیازی بەڕەسمیکردنی مەزهەبێکی ئایینیی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/09/zedpress.mzgawt.680-780x470.jpg)
زێدپرێس
لە کۆبوونەوەی یەکێتی زانایانی ئاییینی ئیسلامی کوردستان، پێشنیاز کراوە، مەزهەبی ئیمامی شافیعی وەک مەزهەبی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان بناسێندرێت. ئەوەش بەمەبەستی “ئارامی دۆخی مزگه‌وته‌كان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ڕێگری له ناله‌باری بۆچوونی هاورده و نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگه و ڕێڕه‌وی زانایان و، یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد”.
ئه‌مڕۆ چوارشەم ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، به‌سه‌رپه‌رشتی د. عەبدوڵا مه‌لا وه‌یسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان و مامۆستا مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆك؛ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به به‌شداری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركرایه‌تی و به‌رپرسی سه‌رجه‌م لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
كۆبوونه‌وه‌كه وێڕای باسکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان و تاوتوێی چه‌ند پرسێكی ئایینی و پیشه‌یی، تیشكی خسته سه‌ر دوا پێشهاته هه‌نووكه‌ییه‌كان له‌دۆخی ناوخۆی هه‌رێم و پرسی گوزەرانی خەڵک و بابەتی بودجه و مووچه و مافی هاووڵاتیان و كێشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاری كه‌ركووك و ڕۆڵ و خزمه‌تی زانایانی ئایینی و پرسی دامەزراندنی خۆبه‌خشان.
هه‌روه‌ها جه‌خت له هاوهه‌ڵوێستی و كاری پێكه‌وه‌یی له‌چوارچێوه‌یی به‌رپرسیارێتی ئایینی و پیشه‌یی كرایه‌وه و بۆ به‌رچاوڕوونی رای گشتی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار چه‌ند خاڵێك به‌گرنگ دەزانێت، له‌م ڕوانگه‌وه كۆبوونه‌وه‌كه به بەلاغێکی تایبه‌ت هه‌ڵوێست و دیدگای خۆی لە بەرانبەر دۆخی ئێستا به‌م شێوه‌یه خستەڕوو:
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
زانایانی ئایینی قه‌درگران
موسڵمانانی به‌رێزی كوردستان
له ڕوانگه‌ی هه‌ست كردنمان به به‌رپرسیارێتی ئایینی و پیشه‌یی و سه‌قامگیری كیان و كۆمه‌ڵگه و به‌ره‌و پێشبردنی ڕه‌وشی ئایینی له هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەلاغێک کۆتایی بە کۆبوونەوەی خۆی هێنا و ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خوارەوە به گرنگ ده‌زانێت:
یه‌كه‌م: گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی هه‌ستی موسڵمانێتی خۆیدا هه‌میشه رێزگرتن له رێڕه‌وی گه‌وره زانایان به‌لایه‌وه گرنگ بووه‌و، بە سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی لایه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لێی روانیوە، بەردەوامیش هه‌وڵ و خزمه‌ته‌كانی مه‌لای كورد به‌رهه‌مدارو له گه‌شه و پێشكه‌وتن خۆی بینیوه‌ته‌وه‌و نه‌كه‌وتۆته ژێر باری فه‌وزای دروستكراو و ناکۆکی و ململانێی ناتەندروستەوە.
دووه‌م: یه‌كێتی زانایان له گوزەرانی زانایان و بارودۆخی ئایینی و ره‌وشی ئیداره‌دان و ئاستی هه‌وڵ و هه‌نگاوو كاردانه‌وه‌كان تێده‌گات، بەردەوام په‌یامی خۆی هه‌بووه و پێشنیاری دیراسه‌كراوی گه‌یاندووه، بۆیه دڵنیایی ده‌ده‌ینه سه‌رجه‌م زانایان سوورتر ده‌بین له‌خزمه‌تكردنی ئایین و پاراستنی رێڕه‌وی گه‌وره زانایان و ئه‌و ئامانجانه‌ی یه‌كێتی زانایانی له‌سه‌ری دامه‌زراوه.
سێیه‌م: له‌پێناو پاراستنی به‌های كاری بانگه‌وازی و گوتاری ئایینی و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگه‌وته‌كان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، رێگری له ناله‌باری بۆچوونی هاورده و نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگه و ڕێڕه‌وی زانایان و، یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فکری و عەقیدەیی دێرینی مەلای کورد په‌یڕه‌وكردنی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی وەک مه‌زهه‌بی ڕەسمی هه‌رێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت.
چواره‌م: یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مه‌رجه‌عی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی مه‌لای كورده‌و نوێنه‌رایه‌تی زانایانی ئایینی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ئه‌م یه‌كێتیه‌ش به‌رپرسیاره له ده‌ركردنی فه‌تواو بابەتە ئیجتیهادییەکان، بۆیه ناكرێ مینبه‌ری مزگه‌وت و كه‌ناڵ و په‌یج و سایتی كه‌سی ببنه شوێنی فه‌توادان، هەروەها مزگه‌وت شوێنی خواپه‌رستی و ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی په‌روه‌رده‌ی رۆحی و ئیمانییه، پێویسته په‌ره‌ی زیاتری پێ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێته شوێنی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مه‌زهه‌بی و كه‌شی ئارامی دینداری بشێوێت، چونكه ده‌بێته فاکتەری به‌رهه‌مهێنانی رق و كینه‌و ئاژاوه‌و گوتاری توندڕه‌ی و دواجار خزمه‌تێك به گه‌ل و وڵات ناكات.
پێنجه‌م: یەکێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری کەرکوک و گوزەران و دواکەوتنی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم لە لایەن حکومەتی عیراقەوە، کە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت، داواش لە هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەکەین بە یەکهەڵوێستی و تەبایی نێوخۆی هەرێم ئاوڕی جددیتر لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بدەنەوە.
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣