ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/10/zed-press-krg-25-10-2023-780x470.jpg)
زێدپرێس
حکوومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ڕێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ڕووداوی ئـــاگرکەوتنەوە لە باڵەخـــانەیەک لە ئیـــدارەی ســەربەخۆی ســـۆران كە لە ٨ی ئەم مانگەدا ڕووی دا و بـــووە هـــۆی گیانلەدەستدانی ١٤ کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە بڕگەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا، بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕاپۆرتی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی ڕاسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیراندا خرابووە ڕوو و بڕیاردان لەسەر ڕاپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
دوابڕگەی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی ڕاپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێم دەبێت لەبارەی ڕەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشـتیی سیستەمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاوتوێ دەكرێت.