فراکسیۆنی یەکگرتوو: تیمێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێ “پڕۆژەی ڕووناکی” بەسەر خەڵک بسەپێنێت

دهقی ڕاگهیهندراوهكه:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە چەندین باری نەخوازراوی دارایی و گوزەراندا تێدەپەڕن و چاوەڕێی ڕەچاوکردنی ماف وپێدانی مووچەکانیانن، هێزە دەسەڵاتدارەکان لە بری ئەوەی بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن لە پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، کەچی ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە پەلەپەلێتی بەنهێنی و دوور لە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان و ڕێکارە فەرمییەکان و بەدەر لەیاسا و دوور لە شەفافییەت کەوتووەتە هەڕاجکردنی کەرتی گشتی و هەموو سێکتەرەکان یان بەشێکی یەک لەدوای یەک دەداتە کەرتی تایبەت بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخ و گوزەرانی هاوڵاتییان.
ئێمە لەگەڵ کارەبای ٢٤سەعاتین و دەمێک بوو دەبوو خەڵک کارەبای بەردەوامی هەبووایە، بەڵام پرۆژەیەک کە تیمێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێت بیسەپێنێت و تەنانەت هی خودی وەزارەتی کارەباش نییە، ئەمەش هەوڵێکی ترە بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتی. نرخگرانکردن پێویستە بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجام بدرێت و حکوومەتی کاربەڕێکەر لە ئێستادا ناتوانێت نرخ زیاد بکات و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە و ئەو دەسەڵاتەی نییە، بارودۆخی هاوڵاتیانیش لە بارێکدا نییە کە نرخەکان بەو شێوەیە زیاد بکرێت و ناکرێت ئەو شتانەی پەیوەستە بە هاوڵاتیانەوە شەفاف و ڕوون نەبن و ژێربەژێر و بە نهێنیی کارەکان ئەنجام بدرێت. ئەوەی تێبیینیی دەکرێت پرۆژەو گرێبەستەکانی حکوومەتی کاربەڕێککەر بۆ قازانجی کۆمپانییاکانی خۆیانە، لەکاتێکدا دەبێت حکوومەت لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و بارسوکییان بڕیار بدات.
ئێمە ئەو پرۆژەیە و بەو نرخە گران و تاقەت پڕوکێنە بە مەترسیدار دەبینین و داوا لە پەڕلەمانتاری هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ ئەو پرسە یەک دەنگبین بەو پێیەی پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی گشتییەوە، هەر بۆیە لای خۆمانەوە بەرزکردنەوەی نرخ ڕەتدەکەینەوە و داواش لە هاوڵاتییان دەکەین ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە سکاڵا تۆماربکەن و ناڕەزایەتیی دەربڕن و داکۆکیکاربن لە مافی خۆیان، ئێمەش لای خۆمانەوە بەڕۆڵی چاودێریی و یاسایی خۆمان هەڵدەستین و وەک چۆن بۆ دوو پرۆژەیتر داوای یاساییمان تۆمارکردووە؛ بۆ ئەم کەیسەش بێدەنگ نابین و هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان
٩-٣-٢٠٢٥