سلێمانی؛ دوو بازرگان بە ٧٠ لیتر ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران
دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت و دەڵێ، تۆمەتباران بەنیازبوون دوو دەبەی ٣٥ لیتریی ماددەی هۆشبەر (ئەسید) بۆ هەولێر بگوازنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، ڕایگەیاند، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین توانیان دەستبەسەر دوو دەبەی (٣٥) لیتری ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەسید) بگرن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش، شەوی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لەسەر بوونی زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و لەئەنجامی بەدواداچوونی هێزەکانی ئاسایش، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە ناحیەی (ژاراوە)، دوای ڕووبەڕووبونەوەی چەکداریی، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران و دەستیش بەسەر دوو دەبەی (٣٥) لیتریی ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەسید)دا گیرا.
ئاسایشی سلێمانی، ئاشکرای کرد: “تۆمەتباران بەنیازبوون ماددەکان بگوازنەوە بۆ هەولێر”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا تۆمەتباران بە ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.