سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە، ٨ی ئاداری ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگە، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کاتی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، باسی لەوە کردووە کە “ئامانجی هەموومان خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی یانەکە بووە، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان بۆ باشترکردن و چاکترکردنی یانەکە بووە، بەڵام بە داخەوە گرفت و کێشەکان بەردەوامیان هەبووە، بۆیە پێویست ئەمڕۆ لە بنەڕەتەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت نەوەك بەشێوەیەكی كاتی.”
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کۆتایدا کۆبوونەوە لە پێناو چارەسەرکردن و بنبڕکردنی کێشە و گرفتەكانی یانەكە و دابینکردنی ئایندەیەكی گەش و باشترکردنی ڕەوەشی یانەکە، گەیشتە ئەم بڕیارانە:
یەکەم/ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کاتی کارگێڕی یانەی هەولێر، بە گشتیی دەستیان لە کارکێشایەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەیان قەبوڵکرا.
دووەم/ هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادانەی دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، لە ماوەی مانگێک تا ٤٥ ڕۆژی دیکە.
سێیەم/ بۆ ئەو ماوەیە، واتا لە ماوەی ئەو مانگە تا ٤٥ ڕۆژەی داهاتوو کە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، دەستەیەکی کاتی بۆ ئیدارەدانی یانەکە دەستنیشان کرا بەو مەرجەی کە نابێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە، ئەوانیش پێکدێن لە؛
1- تاهیر سابیر – سەرۆکی کاتی یانەی هەولێر
2- زوبێر جەبار، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
3- د. سەرتیپ عومەر عەوڵا، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
4- د. ئیبراهیم محمەد، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی
5- د. شوان خالید، ئەندامی کاتی دەستەی کارگێڕی