
بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش و بێزارکەر لە سنووری شارەدێی بازیان دوو هاووڵاتی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کران.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆنێکی ناخۆش و بێزارکەر کە ببووە جێگەی ناڕەزایی هاووڵاتییان لە سنووری شارەدێی بازیان بڵاوببووەوە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت لە زەویەکدا ماددەی (کبریت) هەبووە و بەهۆی سووتاندینەوە مەترسی بۆ پیسبوونی ژینگەی سنوورەکە دروست کردووە و هاوکات بۆنێکی ناخۆشی هەبووە .
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بەردەقارەمان دەستگیرکراون و دواتر ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان کراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی سووتاندنی کبریتەکە و هۆکارەکەی نەداوە.
ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.