ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی مووچە دەکات

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم، 25ی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە گفتوگۆ دەكات.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: “لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم و مووچەی مووچەخۆران كە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێكی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم ڕاگیراوە و دواهەوڵەكانی چارەسەری ئەم بابەتە تاووتوێ دەكرێ.”
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەشدا، ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەكرێ.



