هه‌واڵ

تەندروستی هەولێر: کێشەی شوشتنی گورچیلەمان نییە

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕەتی دەکاتەوە لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری گرفتی شوشتنی گورچیلە بۆ هیچ کەسێک درووستکرابێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانی نەخۆشێک بڵاوکردەوە، کە ئاماژەی بە هەبوونی کێشە لە بەشی شوشتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری کردبوو.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە ئەم نەخۆشەی لێدوانەکەی داوە، ماوەی ١٠ ساڵە و هەفتانە بۆ ماوەی سێ جار لە سێ ڕۆژدا شوشتنی گورچیلەی بۆ دەکرێت، بەپێی ڕێکاری زانستی پزیشکی و لەڕێگەی ستافی شارەزای ئامێری شوشتنی گورچیلەوە، کە هەر نەخۆشێک پێویستی بە ٤ کاتژمێر هەیە بۆ تەواوی  شوشتنی گورچیلەکە.

نەخۆشەکە لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە لەماوەی دوو کاتژمێردا پڕۆسەی شوشتنی گورچیلەی بۆ ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا پڕۆسەکە خۆی پێویستی بە ٤ کاتژمێر هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، نایشارێتەوە، شوشتنەوەی گورچیلە لەماوەی دوو کاتژمێردا بۆ نەخۆشەکە کراوە، بەڵام هۆکارەکە دەخاتە ئەستۆی ئەو کەسەی وەک هاوەڵ لەگەڵ نەخۆشەکە بووە، کە بەبێ پرسی پزیشک و کارمەندانی بەشی گورچیلەی دەستکرد دەستکاری ئامێرەکەی کردووە و وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێ “بۆ دوای دوو کاتژمێر لە دەستکاریکردن و تێکدانی سیستەمی کارکردنی ئامێری شوشتەکە، دوای هەوڵدان بۆ خستنەوەکار و ڕێکخستنەوەی ئامێرەکە، ماوەی زانستی نەخۆشەکە تەواوبووە و نۆرەی نەخۆشی دواتربووە بۆ شوشتنی گورچیلە”.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕۆژانە ٢٠٠ نەخۆش بۆ مەبەستی شوشتنی گوچیلە سەردانی هەردوو بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستکرد لە نێو باڵەخانەی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری و بەشی گورچیلەی دەستکرد دەکەن و پڕۆسەکەیش لە ڕێگەی ٦٠ ئامێری شوشتنی گورچیلەوە ئەنجام دەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...