كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ

شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزێکی ئەمنی و دانیشتووانی دۆڵی شاورێ دروست بوو

شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزێکی ئەمنی و کۆمەڵێک لە دانیشتووانی دۆڵی شاورێ لە سنووری ڕانیە دروست بوو. خەڵکەکە بە چەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکە بوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکیشدا بەتوندی هەڕەشە دەکەن و دەڵێن هێزە ئەمنییەکە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسایەتییەکی دەڤەرەکە و ئەوەش قبوڵکراو نییە.

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزێکی ئەمنی و دانیشتووانی دۆڵی شاورێ دروست بوو. لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک چوونەتە دەڤەرەکە و داواکراوەکەش خۆی لە ماڵی کەسایەتییەکی دەڤەرەکە پەناداوە.

 

لە ڕوونکردنەوەیەکەدا کە بە ناوی “خەڵکی دۆڵی شاورێ”ەوە بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی بە زێدپرێس گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەسایەتییەکی دۆڵی شاورێ بەناوی “حەمەی کاک هەمزە” و دەڵێن، “ئەوەش بە هیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە”.

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە ئەمڕۆ دووشەم، هێزێکی ئەمنی “کە لە سلێمانییەوە بەدوای تۆمەتبارێکەوە بوونە، تۆمەتبارەکەش هەڵهاتووە و خۆی بە ماڵی کاک حەمەی کاک هەمزەدا داوە”. زیاتر دەڵێ: “هێزە ئەمنییەکە ڕاستەوخۆ دەمانچە و کڵانشیکۆفیان لەسەر کوڕەکانی حەمەی کاک هەمزە داناوە و گوتوویانە کوا تۆمەتبار؟ کوڕەکانی مام حەمەش کە ئسلوبی هێزە ئەمنییەکەیان زانیوە، ڕاستەوخۆ لە ماوەی پێنج خوولەکدا دەوروبەریان ئاگادارکردووەتەوە”.

 

وەک لە ڕوونکردنەوەی دانیشتووانی دۆڵی شاورێدا هاتووە: “خزمانی دۆڵی شاورێیش لێیان هاتوونەتە دەست و دوای شەڕ و تەقەیەکی زۆر کە چواردەوەری هێزەکەیان داوە، تەواوی هێزەکەیان دەستبەسەر کردووە و دوای دەستێوەردانی خەڵکێکی زۆر و دواتر بە سەیارەی جامشکاوی بەر زەبر و لێدان، هێزەکە هەڵهاتوون و بەدۆڵی وەرتێ و خانەقادا ڕۆیشتوونەتەوە بۆ سلێمانی”.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێن: “خەڵکی دۆڵی شاورێ خاوەن ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ن و مام حەمەی کاک هەمزەش یەکێک بووە لە فەرماندە و سەرپەشتیکارانی ڕاپەڕینەکە، بۆیە لە هیچ هێزێکی ئەمنی و حزب و لایەنێک قبووڵ ناکەین جارێکی تر بەبێ فەرمانی دادگا هەڵبکوتنە سەر هیچ هاووڵاتی و ماڵێکی دۆڵی شاورێ، چونکە ئەم سنورە خاوەن سەروەری خۆیەتی و خاوەنی سەدان شەهیدی سەنگەری پارێزگاری لەخاکی پیرۆزی کوردستانە”.

 

تا ئێستا، ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سلێمانی، ڕوونکردنەوەی فەرمییان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button