هه‌واڵ

بکوژانی ئەو گەنجەی بۆ مارەکردنی کچێک ڕۆیشت و کوژرا دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباری بکوژەی ئەو گەنجەیان دەستگیرکردووە کە لە شەقامی ١٠٠ مەتریی نزیک زانکۆی جیهان کوژرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، ڕایگەیاند، دوو لە تۆمەتبارانی کوشتنی هاووڵاتی (کارزان کەریم مەغدید) کە لە لە ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ٢٠٢٤، لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر نزیک زانکۆی جیهان، لەسەر “کێشەیەکی کۆمەڵایەتی” لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا، دەستگیر کران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەکان، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بەرەو دەرەوەی شاری هەولێر هەڵاتوون و خۆیان حەشارداوە.

ئاسایشی هەولێر، ئاشکرای کردووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونیان، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشانکراوە کە هەڵاتبوون بۆ سنوری بناری چیای قەرەچوغ و دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیویانە هەردوو تۆمەتباری سەرەکی بەناوەکانی (م. گ. م) و (ه. گ. م) دەستگیربکەن و دەستیشیان گرتووە بەسەر ئەو ئۆتۆمۆبێلەی کە لەدوای تاوانەکە پێی هەڵاتوون.

“هەروەها بەدواداچون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم”، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر وای گوتووە.

ڕۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٢٤، گەنجێک بەناوی کارزان کەریم مەغدید لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا، بەگوتەی کەسوکارەکەی، گەنجەکە بۆ خوازبێنی کچێک ڕۆیشتووە، پاش ئەوەی لەلایەن کەسوکاری کچەکەوە بانگکراوە بۆ خوازبێنی کچەکەیان، بەڵام لەوێدا کوشتوویانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...