وەزارەتی ناوخۆ: بەغدا خۆی لە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی دەدزێتەوە

وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن”.
زیاتر دەڵێ: “لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاڕاستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر”.
وەزارەتەکە دەڵێ: “ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە”.
وەزارەتی ناوخۆ، لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیەدا ڕایگەیاندووە: “كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە”.



