هه‌واڵ

حکوومەتی عێراق: تاوەکوو نەوت وەرنەگیرێت مووچە نانێرین

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر، دەبێت نەوت ڕادەست بکرێت، پاشان مووچە دەنێردرێت.

 

میدیای فەرمی عێراق، ئەمڕۆ دووشەم، ٢١ی  تەممووزی ٢٠٢٥، لە زاری باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقەوە ڕایگەیاند: بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەزامەندییان لەسەر داوە، “ڕووداوێکی گەورەیە و کۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵە لە پێوەندی دارایی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان دەهێنێت و قۆناغێکی نوێ دەهێنێتەکایەوە، کە دەستوور و پابەندییە یاساییەکانی بودجە دەخاتە پێش هەر ڕێککەوتن و تێگەیشتنێکی سیاسییەوە”.

 

گوتەبێژەکەی حکوومەتی عێراق زیاتر دەڵێ: “بڕیارە پشتئەستوورە بەو بنەمایانەی کە لە بودجەی سێ ساڵەدا دەقیان لەسەر کراوە، ئەمجارە بەشێوەیەك كارایە، كە یاسا دەخاتە سەروو هەموو ئاڵنگارییەکی سیاسی و ئەوەش وەرچەرخانێكی نوێیە لە سیاسەتی حکوومەتدا”.

 

“بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەكە، حكوومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە ڕادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە پارێزگاكانی هەرێم، سۆمۆ هەناردەی نەوتەكە دەگرێتە ئەستۆ و داهاتەكەی دەخاتە گەنجینەی گشتی كە گەنجینەیەكی یەكگرتووە”، باسم عەوادی وای گوتووە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم ڕێکارە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکدەگرێتەوە؛ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە گەنجینەی فیدڕاڵی و بەپێی یاسای بودجە، گەرەنتی دەكات”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button