هه‌واڵ
ئاراستەکان

سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە (دیداری زێدپرێس)دا

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤، لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی نێوان میدیاکاران و گوتەبێژ و بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن لە دامەزراوە فەرمییەکانی کوردستاندا، زێدپرێس میوانداری کارۆخ خۆشناو سەرۆکی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

 

لە دیدارەکەدا، کە بە بەشداری و ئامادەبوونی حاکم ئازاد حەمەدئەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاسۆ حاجی جێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم، ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ، میدیاکارانی کەناڵە جیاجیاکان و چالاکانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لە پێوەندی نێوان میدیا و دامەزراوە فەرمییەکان کرا.

کارۆخ خۆشناو، کورتەیەکی لەمەڕ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ میدیاکان پێشکەش کرد و باوەڕبوونی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بە پڕەنسیپەکانی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی دووپات کردەوە. هەروەها باسی لە مامەڵە و پێوەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و میدیاکان بەگشتی کرد.

بەشدارانی دیدارەکە، سەرنج و تێبینییەکانیان پێوەست بەو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی لەو پێوەندیدییەدا هەن، خستەڕوو. میدیاکاران بەتایبەت سەرنجیان لەسەر جیاکاری لە نێوان کەناڵەکانی میدیایی لە مامەڵەی دامەزراوە فەرمییەکان، هەروەها گرنگی پیادەکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، چڕکردەوە.

زێدپرێس درێژە بە دیدار و گفتوگۆکان لە نێوان میدیاکاران و بەرپرسانی ڕاگەیاندن لە دامەزراوە فەرمییەکان دەدات، بە ئامانجی بونیادنانی پێوەندییەکی ئەرێنی لەو نێوانەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...