هه‌واڵ

وەزارەتی پێشمەرگە: هەمووان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت، مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە لە لیستە ڕاگەیەندراوەکاندا ناوی هاتووە، زەوی پێبدرێت، بەڵکوو دواتر وربینی بۆ ناوەکانیان دەکرێت و هەر کەسێک پێشتر سوودمەندبووبێت ناوەکانیان دەردەکرێت.

 

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بەو پرسە بەڕێوەچوو.

 

لە ڕوونکردنەوەیەکەدا هاتووە، کە ئەو لیستانەی بڵاوکراونەتەوە، ڕەزامـەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی، مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە ڕەزامەندی هەبێت زەوی پێبدرێت، لەبەر ئەوەی لە دوای فلتەرکردن و وردبینی لە لیستەکان، ئەو ناوانەی کە پێشتر سوودمەند بوون ناوەکانیان دەردەکرێت و مافی وەرگرتنی زەوییان نییە.

 

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەی بیرخستووەتەوە، کە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕم لە لایەن فەرمانگەی یاسایی، (بەڵێننامە) دراوە لەلایـەن خودی کەسەکە، کە پێشتر سوودمەند نەبووە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک ئەگەر بەڵێننامەی دابێت و لەهەمان کاتدا پێشتر سوودمەند بووبێت “لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی و دارایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر”. لەو ڕوانگەیەوە سەرۆکایەتیی ئەرکان دەڵێ: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستی ناوی سوودمەندبووان کە لە وەزارەتی شارەوانی وردبینی کراوە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە دەرفەتێک دەدرێت بەو ناوانەی کە پێشتر سودمەند بوون بە شێوەیەکی فـەرمی لە لایەن یەکەکانیانەوە بە لیست وەزارەتی پێشمەرگە/ سەرۆکایەتی ئەرکان/ دائیرەی ئیدارە و میرە ئاگادار بکەنەوە  بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی و دارایی نەبنەوە”.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: “ڕێکاری کارگێڕی بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بەمەبەستی ڕێکخستنی لیستەکان بەپێی خاڵبەندی و سنوری جوگرافی و وردبینی کۆتایی لە وەزارەتی شارەوانی ماوەیەکی پێویستە تاوەکوو لیستی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت” و لەو ڕوانگەیەشەوە، داوا لە تەواوی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان دەکات کە “سەردانکردن و فشارکردن بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانییەکان و لیژنەی زەوی لە وەزارەتمان ئەنجام نەدەن تا ئەو کاتەی لیستی کۆتایی بە گشتی ڕادەگەیەندرێت”.

 

دووپاتیشی دەکاتەوە کە “هەماهەنگی تەواو کراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی کە هیچ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک ئەگەر مەرجەکانی وەرگرتنی پارچە زەوی بیگرێتەوە ئەوا مافی نافەوتێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button