هه‌واڵ

پارەی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە کرا

زیاتر لە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناری دیکە لە بەغداوە بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرا.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بانکی ناوەندی عێراق بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، زیاتر لە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناری دیکە بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

پێشتر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕەپارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە ڕێژەی ٥٩٪ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش وایکرد حکوومەتی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچە نەکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا، بڕیاریدا دەست بە دابەشکردنی مووچە نەکرێت و ئەو مامەڵەیەی بەغدای لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ڕەتکردنەوەی ئەو شێوازە مامەڵەکردنەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەتکراوەتەوە و گوتی: “بۆ دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستمان بەبڕی زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە، بەڵام بەغدا ٥٦٠ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوەش مووچەی شەهیدان و دامەزراوە ئەمنییەکان و مووچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و ٣٠٧ هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەكان نەناردووە“.

هاوکات، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا، “وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەیە تەنیا لەسەدا ٥٩ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنە و جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان“.

حکوومەتی هەرێم پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی کە بەغدا ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، کە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، حکوومەتی عێراق بڕی زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەناردووە.

هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و مووچەخۆران و هاووڵاتییان دووچاری دۆخێکی سەختی دارایی بوونەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...