خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕاگرت

د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، قسەی لەگەڵ نەعیم عەبوود وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق کردووە، لەبارەی نووسراوێکی وەزارەتەکە کە وەرگێڕانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لە زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکانی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکاندا قەدەغە دەکات.
بەگوتەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەو بڕیارە کاری پێ ناکرێت و ساڵی ڕابردوویش بەهەمان شێوە ڕامانگرت”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵای کردووە، لە بەرانبەر ئەوەی گوتوویەتی “من ڕێزی زمانی کوردی دەگرم و ئەوەی کراوە لەناو کۆمەڵێک ڕاسپاردەی وەزارەت بووە”.
پێشتر، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥ بڕیارێکی دەرکردووە، کە بەکارهێنانی زمانی کوردی، لە سەرجەم زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکانی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان قەدەغە دەکات.



