هه‌واڵ

نەوەی نوێ: دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید پرسێکی سیاسییە

فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت، دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی حزبەکە، پرسێکی سیاسی و ڕەفتارێکی چەتەگەرانەیە.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئابی ٢٠٢٥، هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵوەستەیان لەسەر پرسی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە کرد، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو، ناوبراو بە بڕیارێکی دادگەی سلێمانی دەستگیر کرا.

 

ڕێبوار عەبدولڕەحمان سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید پرسێکی سیاسییە و دۆسیەیەکی یاسایی نییە.

 

ئاماژەی دا، دەستگیرکردنەکە لە بەرانبەر پەیامێکی ڤیدیۆیی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، کە ڕایگەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەبێت و مووچە دابەش نەکرێت، هەڵوێستیان دەبێت.

 

گوتیشی، ئەگەر دۆسیەیەکە یاساییە و سیاسیی نییە، بۆچی لەسەر سکاڵایەک کە پێش شەش ساڵ تۆمارکراوە، ئێستا دادگا بڕیاری دەستگیرکردن دەردەکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

 

“لە ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان و ڕکابەری پارتی و یەکێتییش دەکات”، ڕێبوار عەبدولڕەحمان وای گوت.

 

سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، جەختیان لەسەر ئەوە کردووە، کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی شاسوار عەبدولواحید نییە و نازانن بۆ کوێ بردراوە و لە کوێیە.

 

سەرۆکی فراکسیۆنەکە، ئاماژەی بەودا، کە بەرپرسیارێتی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەستۆی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت یەکێتی و بەدیاریکراوی لە ئەستۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕێبوار عەبدولڕەحمان، دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکەیانی بە “پیلانی گڵاو” و “ڕەفتاری چەتەگەرانە” لەقەڵەم دا و گوتی “ئەو ڕەفتارە چەتەگەرانەیە، ترسێکی ڕوون و ئاشکرای یەکێتی پیشان دەدات لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ساردمان ناکاتەوە و نەوەی نوێ بەهێزتر دەبێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button