هه‌واڵیاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی  هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتوون.

 

وەزارەتەکە، ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئابی ٢٠٢٥ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی  هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.

 

زیاتر هاتووە: “کۆبوونەوەکان لە ١٧ی مانگی تەممووز دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگویەکی زۆر، لە ١١ی مانگی ئاب ڕێککەوتن لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە”.

 

ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە کردووە، کە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی  کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەشڵێ: “بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکوومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button