هه‌واڵ

هونەرمەندان عومەر عەبدوڵا و شکۆ عومەر خرانە زیندانەوە

زێدپرێس

 

لەسەر سکاڵای لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، هەردوو هونەرمەند عومەر عەبدوڵا و شکۆ عومەر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە زیندان ڕاگیران.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دادگای کەتنی کەلار، بڕیاری ڕاگرتن (تەوقیف) و زیندانیکردنی بۆ هەردوو هونەرمەند عومەر عەبدوڵڵا و شکۆ عومەر دەرکرد.

بڕیاری ڕاگرتنی هەردوو هونەرمەندەکە، پێوەندی بە سکاڵایەکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامەوە هەیە، لەسەر شانۆیەک بەناونیشانی (وەرن ببین بە سەگ)، کە پێش ٣ ساڵ لە شارۆچکەی کەلار نمایش کرا.

هەر ئەمڕۆ سێشەم، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی، لەڕێگەی یاداشتنامەیەکەوە نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بە بڕیارەکەی دادگای کەتنی کەلار ڕاگەیاند.

لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، “بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارەی دادگا دەکەین، هیچ مەعقوڵ نییە دوو هونەرمەند، کە یەکێکیان لە دێرینترین هونەرمەندانی گەرمیانە و ئەوەکەی تریشیان گەنجێکی بەهرەمەندی بواری شانۆیە، بەمشێوەیە بخرێنە زیندانەوە، لەکاتێکدا کارەکەیان کارێکی هونەرییە و هیی ئەوە نییە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.”

ئەوان، داوا لە بەرپرسان و باڵادەستان دەکەن “لەئاست ئەم ڕەفتارەی دادگا بێنە دەنگ و بە زوویی ئەو دوو هاوڕێیەمان ئازاد بکرێن، بەپێچەوانەوە ڕێگای دیکە دەگرینەبەر.”

شانۆگەری (وەرن ببین بە سەگ) لە شوباتی ٢٠٢٠ لە ناوەندی شارۆچکەی کەلار لەلایەن ژمارەیەک شانۆکارەوە نمایش کرا.

لە شوێنێکی شانۆکەدا، ناوی مەلا هاتووە و ئەوەش نیگەرانی بۆ ژمارەیەک لە مەلاکانی سنوورەکە دروست کرد و بە هۆیەوە لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان سکاڵای لەسەر تۆمار کردن.

شانۆکە، لەلایەن گرووپی هونەری ئەستێرەکان نمایش کرا و دوا بەدوای نمایشەکە، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٠دا، کۆمەڵە مەلایەک لە مزگەوتی گەورەی کەلار کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکەیان بە سووکایەتیکردن بە مەلاکان لێکدایەوە و ئەوەشیان وەک سووکایەتی بە ئاینی ئیسلام و پیرۆزییەکانی پێناسە کرد.

هەمان ڕۆژ، (٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان، لەژێر کاریگەری مەلاکاندا، سزای ساڵێک سڕکردنی بەسەر ئەو گرووپە هونەرییەدا سەپاند، کە نمایشە شانۆییەکەمان ئەنجام دا. ڕۆژی دواتر و لە ٢٥ی شوباتدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری سڕکردنی کار و چالاکییەکانی گرووپە شانۆییەکەی هەڵوەشاندەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...