ماتەمینی گشتی لە هەڵەبجە ڕاگەیەندرا

نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، بۆ ڕێزگرتن لە گیانی هەردوو شەهیدی ژینگە “ئاری موختار” و “محەمەد شێخ حەیدەر” کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرە گەورەکەی سنووری گوندەکانی مۆردین، چنار و نەیجەڵە گیانیان لەدەستدا، پارێزگای هەڵەبجە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەنێت.
دوێنێ یەکشەم، ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، لەکاتی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە گەورەیەی سنووری گوندی مۆردین، چنار و نەیجەڵەی گرتووەتەوە، ژینگەپارێزێکی خۆبەخش بەناوی “ئاری موختار” سووتا و گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆیش کارمەندێکی پۆلیسی ژینگە و دارستانی هەڵەبجە بەناوی “محەمەد شێخ حەیدەر” لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا گیانی لەدەستدا.
پارێزگاری هەڵەبجە، دەڵێ: “ئەم دوو هاووڵاتییە خۆشەویستە، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، ئێمە وەک “شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان” ناویان دەبەین”.
لەو ڕاگەیەندراوەکەدا، کە نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە پێوەست بە ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ: “بۆ ئەو مەبەستەش، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت”.
هاوکات “سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز ڕادەگیرێت وەک ڕێزێک بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدەكانمان”.
پارێزگاری هەڵەبجە، داوایش لە هاووڵاتییان دەکات کە لەم وەرزە گەرمەدا تا ئەوپەڕی ئاگاداری ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی گیان و سامانی گشتی و تایبەت پارێزراو بن.



