قوباد تاڵەبانی: ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “زۆر دڵگران بووین بە شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، شەهیدان (سەرمەند عەلی، دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت کرد”.
پەیامەکە، دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئەو سێ کارمەندە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە باڵەخانەی لالەزار لە سلێمانی، کوژران و چەندانی دیکەیش بریندار بوون.
قوباد تاڵەبانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ: “هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت و تاوانباران ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە”.


