هه‌واڵ

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بەبۆنەی ٣١ی ئاب بڵاوکردەوە

زێدپرێس

ئەمڕۆ چوارشەم ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لە یادی ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی هەڵدەکوتێتە سەر پارتی دیموکراتیی کوردستان.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێ “بە داخەوە ئەو ھێزەی بەرپرسە لە خیانەتی ٣١ ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە ڕووداوەکانی مێژوو، لەسەر ھەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەھەمان نەفەسی تەسکی بەرژەوەندی پارتێتیەوە، ئاگری ناکۆکی و ناپاکی خۆش دەکات”.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی  خیانەتی مێژوویی ٣١ی ئابی ١٩٩٦

 

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان

بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگھێشت و بە چاوساغی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێزەکانی گاردی کۆماریی رژێمی دیکتاتۆری بەعس شاری ھەولێری پایتەختی کوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەکانی وڵاتەکەمانیان داگیرکرد و زیانێکی کوشندە و جەرگبڕیان لە ماناکانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دا کە ھەرگیزاو ھەرگیز لە بیر ناچنەوە.

 

ھەمووی شەش ساڵ بوو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕیبوون و بەشێکی خاکی نیشمانیان لە چنگ دەرھێنابوون، کەچی پارتی بە بیانووی پڕوپوچی تێکچوونی بەڵانسی ھێزەکان لە شەڕی ناوخۆ، جارێکی تر ئەو سوپای ئەنفال و کیمیابارانەیان ھێنایەوە سەر خاکی کوردستان و شاری ھەولێر، کە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێکۆشەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی شەھید و برینداربوون، سەدانیان بەدیل گیران و بێسەروشوێن کران و دەبابەکانی ئەو سوپا شۆڤێنییە شکۆی پارلەمانی ھەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانیان شکاند و ئەزموونەکەمانیان، لەسەرەتای پێکھاتنییەوە، لەکەدارکرد.

 

ھەرچەندە ئەم خیانەتە وەک زۆر ناپاکی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەکەماندا پەڵەیەکی ڕەشی قەترانییە و بەسەدان پاکانەی خیتابی ئیعلامی و کتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەکاری رووداوەکان ناسڕدرێتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھێزە سیاسییە دەربەستەکانی کوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئایندەی گەلەکەمان و رەوایی و مەسەلەی کورد ھەیانە، پاڵپشت بەوەی ناکرێت پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان لە شوێنێکدا چەق ببەستێت و پەکی بخرێت، بۆیە تێکڕا قەدەری باشتری ئاشتی و پێکھاتنەوەیان ھەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاکی و خیانەتدا بازیان دا و ھەوڵیان خستەگەڕ بۆ  پاراستنی ئەوی ماوە لە شکۆی ئەزموونی نەتەوەکەمان، لاپەڕەیەکی تازەیان بۆ ئاشتی و تێھەڵچوونەوەی خەباتی دیموکراتی ھەڵدایەوە. روخانی سوپای رژێمی ھاوکاری کارەساتی سی و یەکی ئاب لە پرۆسەی ئازادی و ھەروەھا ھەرچی دەستکەوتی گەلەکەمان ھەیە، لەدانپیانانی دەستووریی بە ھەرێمی کوردستان و سیستمی فیدڕاڵی بەرھەمی دانبەخۆداگرتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەرۆشی نیشتمانپەروەرانەیە بۆ دوارۆژی کوردایەتی و سەروەری کوردستان .

 

بەڵام بە داخەوە ئەو ھێزەی بەرپرسە لە خیانەتی ٣١ ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەکانی مێژوو، لەسەر ھەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەھەمان نەفەسی تەسکی بەرژەوەندی پارتێتیەوە، ئاگری ناکۆکی و ناپاکی خۆش دەکات کە دیارە بەھەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری ھۆشیارانەی دەربەستانی ئایندەی کوردستان تێگەیشتووە، بۆیە وا ئێستاش بە  تۆمەت داتاشین و تەشھیری بێبنەما بۆ ھێزە نیشتمانپەروەرەکان، لەسەرووی ھەمووشیانەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یادەوەری تیژی مێژوو تاقیدەکاتەوە، پارە و پاوەر و تەزویری میدیایی بێ شوماری بۆ ئەم چەواشەکارییە خستۆتەگەڕ، لە جیاتی ئەوەی ھەوڵبدات بە یەکجاری  برینەکانی مێژووی خیانەت ساڕێژ بکات و بە سیاسەتی دروستی کوردستانی و نەتەوەیی ئەو لاپەڕە رەشە لە مێژووی خۆی و کوردستان بسڕێتەوە، کەچی ھەمیشە لە ھەوڵی شەرعیەتپێدانی چەواشەکارانەی ئەو خیانەتەدایە و بێ باکانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی و ئایندەی گەلەکەمان دەکات.

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

لەم یادە تاڵەدا ئێمە ھەمیشە لە بری کینە بەخشینەوە و تۆڵەکردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەکانی ئەو کارەساتە نەتەوەییە و گشت کارەساتەکان بە یەکجاری بسڕینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیری لەوە دەکەین کە ویستی  خۆسەپاندن وەلا بنرێ و بژاردەی راستکردنەوەی پرۆسەی حوکمڕانی و  دیموکراسی و دادپەروەری راستەقینە لە کوردستاندا بچەسپێنرێت. بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێ ئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی ١٩٩٦ و کەموکوڕییەکانی تر غافڵ بین.

 

لەیادی ئەو رۆژە ڕەشە و بۆ یادی ھەموو شەھید و قوربانیانی گەلەکەمان، سڵاو لە سەرجەم شەھیدە قارەمان و سەربەرزەکانی گەلەکەمان بەتایبەتی شەھیدە سەربەرزەکانی موقاوەمەتی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، لە رۆژی رەشی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا .

 

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...