هه‌واڵ

وەزارەتی پێشمەرگە: ئیدانەی پەلاماردانی گەنجانی کورد لەلایەن سەربازانی سوپای عێراق دەکەین

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ڕەفتاری ئەو سەربازانەی سوپای عێراق دەکات کە بەهۆی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان پەلاماری گەنجێکی کوردیان دا.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو”.

 

ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لەکاتی بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، هێزێکی سوپای عێراق لە شارۆچکەی دوزخورماتوو پەلاماری چەند گەنجێکی کوردیان دا بەهۆی ئەوەی ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە بوو، هەمان حاڵەتی پەلاماردان و ڕێگری لە شاری کەرکووکیش دووبارە کرایەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی ڕوونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە. ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدڕاڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی”.

 

وەزارەتی پێشمەرگە هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا، داوای لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کردووە کە “بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جددی بکەن لەسەر ئەم ڕووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە، کە خزمەت بە ئاشتی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button