هه‌واڵ

چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دیار نییە

زێدپرێس

 

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕی ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، وەک کۆتا گوژمەی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی سێ مانگی حوزەیران، ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٣ ڕێککەوتنی لەسەرکرا بوو، بەڵام هێشتا ڕوون نییە چۆن چارەسەری مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دەکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێککەوتنی پێشووی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی هەفتەی داهاتوو تا کۆتایی ئەم مانگە، بڕی ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

مەریوان قەرەنی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەکە، ڕایگەیاندووە، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، سوودانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، کە تا ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەشی سێیەمی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کە دەبێت بە کۆتا گوژمەی ڕێککەوتن لەسەرکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشتر دوو نامەی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە تیایاندا پێشنیاز و داواکاری هەرێم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و هەروەها پێدانی سێ گوژمەی دیکە بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە.

حکوومەتی هەرێم خوازیاری ئەوەیە، کە حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی بدات لەسەر تەرخانکردنی بڕە پارەی دیکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەجۆرێک کە بتوانرێت مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دابەش بکرێت، بەڵام هێشتا کاردانەوە و وەڵامێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نییە.

پێشتر مەریوان قەرەنی ئاشکرای کردووە، کە لە دیدارەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسیار و بەدواداچوونی لەسەر نامەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە، ئەو دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچە و دابینکردنی پارەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نییە، بەڵکوو پێویست دەکات ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بدات.

هەرچی پەیوەندی بە داواکاری هەرێم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەوە هەبێت، بەهەمان شێوە، سوودانی گوتوویەتی، کە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و هەر کاتێک یاسایەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموارکرایەوە، حکوومەتی عێراق پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی دەقە هەموارکراوەکە.

حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر لابردنی چەمک و دەستەواژەی “خەرجی فیعلی” لە یاسای بودجەی عێراقدا دەکات، کە بەهۆی ئەو دەستەواژەیەوە، گرفتی جددی بۆ خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان درووستبووە.

تا ئێستا، حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی دابینکردنی کۆتا گوژمەی ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەیە کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەرداوە بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هیچ دڵنیاییەک  و بڕیارێکی کۆنکرێتی لەئارادا نییە، بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ لەماوەی ئەمساڵدا. لەکاتێکدا بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم ڕوونیان کردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ زۆر لەوە کەمترە بەشی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بکات و لەلایەن بەغدایشەوە هێشتا بڕە پارەی ڕەزامەندی لەسەردراو بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بە هەرێم نەگەیشتووە.

ئەگەر هیچ کێشەیەک بۆ گەیشتنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە درووست نەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دواین مووچەی مووچەخۆران لەماوەی ئەمساڵدا دابەش بکرێت و دەستکردن بە دابەشکردنی سێ مووچەی کۆتایی ساڵەکەیش دەکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق بەردەوام بێت لەسەر پێدانی قەرزی ٧٠٠ ملیارەکە بە هەرێم یان ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو حکوومەتەکە کە کێشەی مووچە یەکلا بکاتەوە، لەکاتێکدا تا ئێستا هەنگاوێکی دیاریکراو لەوڕووەوە نییە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...