هه‌واڵ

وەزیری پێشمەرگە: گیانی هاووڵاتییان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە

وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

 

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەری کوردستان ڕایگەیاند: “بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمشەو کە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری شاری هەولێر دەکەین. بەداخەوە ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ) و هاوژینەکەی”.

 

کاتژمێر ١٢:١٥ خوولەکی شەوی سێشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری هەولێر، دوو هاوسەر بە ناوەکانی مووسا ئەنوەر تەمەن ٣٩ ساڵ و موژدە ئەسعەد تەمەن ٣٥ ساڵ شەهید بوون.

 

وەزیری پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە”.

 

دووپاتی دەکاتەوە: “گیانی هاووڵاتییان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە. داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی کردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن”.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە.

 

لە دەستێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان خراوەتە ژێر هێرشێکی بەرفرەوانی مووشەکی و درۆنی، لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەربە ئێران و حەشدی شەعبییەوە لە عێراق. لەو چوارچێوەیەدا، زیاتر لە ٥٠٠ هێرش بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

 

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ١٦ هاووڵاتی شەهید بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button