هه‌واڵ

زۆربەی ئەو خوێیەی لە بازاڕەکاندا هەیە بۆ خواردن شیاو نییە

زێدپرێس

قایمقامیەتی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بەشی زۆری ئەو خوێیەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بۆ خواردن شیاو نییە، لە بنەڕەتدا خوێی پیشەسازییە، لە کارگەکاندا دەستکاری کراوە و بە خوێی خۆراکی بە هاووڵاتیان دراوە.

ڕۆژی چوارشەم ١٢ی تەموزی ٢٠٢٣، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەری چاودێری بازرگانی و تەندروستی، کوالێتی کۆنترۆڵ، پیشەسازی، گومرگ، نوێنەری کۆمپانیاکانی پشکنین و لیژنە هاوبەشەکان تایبەت بە جۆر و کوالێتی ئەو خوێیانەی لە بازاڕەکاندا هەن کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەی قایمقامیەتی سلێمانی، دوای باسکردنی وردەکاری بابەتەکە، دەرکەوت بەشێک لەو خوێیەی تایبەتە بە پیشەسازی، لە هەندێک لە کارگەکاندا دەستکاری کراوە و بە خوێی خۆراکی بە هاووڵاتیان دراوە، دوای پشکنین دەرکەوتووە بەشی زۆریان بۆ خواردن شیاو نین و زیانی تەندروستیان هەیە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دەرکراون، لەناویاندا:

١. ئەو کارگە ناوخۆییانەی مۆڵەتی کارکردنیان نییە دابخرێن. بەو پێیە بێت، لە هەرێمی کوردستاندا خوێ لە کارگەی بێمۆڵەتدا بەرهەم دەهێنرێت.

٢. لیژنەیەکی پسپۆڕ لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێداچوونەوە بە کاری کارگە مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەن، بۆئەوەی خوێ بە کوالێتی بەرز بخەنە بازاڕەکانەوە و ئەگەر پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبوون ڕێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.

٣. کۆمپانیاکانی پشکنین لە خاڵە سنورییەکان بەرپرسن لە کوالێتی ئەو خوێیەی هاوردە دەکرێت و ڕێگەنەدرێت خوێی پیشەسازی بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە هاوردە بکرێت.

٤. ڕێگەنەدرێت لە مەرزە لاوەکییەکانەوە مادەی خۆراکی بەتایبەت خوێ هاوردە بکرێت.

٥. ڕێگە نەدرێت بەبێ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی، خوێ لە پارێزگاکانی ترەوە هاوردەی سلێمانی بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...