هه‌واڵ

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كات كۆمسیۆنی عێراق سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بكات

زێدپرێس

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوا لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.

ڕۆژی دووشه‌م ١٠ی تەموزی ٢٠٢٣، لە نووسراوێکی فەرمی، کە به‌ واژۆی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی عێراق كراوه و دانه‌یه‌كیشی به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دراوه‌‌، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان داوای كردووه كۆمسیۆن ئاماده‌یی نیشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ به‌پێی فه‌رمانی هه‌رێمیی ژماره‌ (90) له‌ 2023/3/26، بڕیار دراوه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ به‌ڕێوه‌ بچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای كردووه‌ كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی عێراق ئاماده‌یی نیشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردن له‌ ڕێککەوتی دیاریكراودا، یانیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌كانی عێراق له ڕێککەوتی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا.

لە بەرانبەر داواکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، جومانە غەلای گوتەبێژی فەرمی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی ١٦ی تەموزی ٢٠٢٣، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ تاوتوێکردن و یەکلاکردنەوەی داواکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

پێشتر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ناتوانن دوو هەڵبژاردن لە یەککاتدا ئەنجام بدەن، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا ئەنجام بدرێت. هاوکات کۆمیسۆن ڕایگەیاندووە، سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە چەند مانگێک ئامادەکاری هەیە.

بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق، لە ٣٠ی ئایاری ئەمساڵ، کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، هەرێمی کوردستان کەوتە بۆشایی یاساییەوە و پەرلەمانی کوردستان کارەکانی ڕاگرت.

ڕۆژی ٢٦ی ئازاری ئەمساڵ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە ٩ۆی ساڵی ٢٠٢٣.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...