هه‌واڵ

ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: سەرووی یەک ملیۆن گوڵ و درەختمان چاندووە

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ڕای دەگەیەنێت، ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، گەیشتووەتە ١٩.٥٪ و بەوەش پێش سەرجەم پارێزگەکانی دی کەوتووە لە ڕێژەی سەوزاییدا. ئەوان دەڵێن، لە ماوەی ٢٠١٩-٢٠٢٢، ملیۆنێک و ٧٢ هەزار و ٩٠٠ گوڵ و درەختیان لە شارەکەدا چاندووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، کە وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، لە ١٧.٥ەوە بۆ ١٩.٥٪ بەرزبووەتەوە. ئەوان دەڵێن، ئەجێندای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “گرنگیدان بە سەوزکردن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی” بووە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١٤١ هەزار دار و گوڵ، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٧٠ هەزار و ٦٠٠ دار و گوڵ، لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٦١٢ هەزار و ٣٠٠ دار و گوڵ و لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، ١٤٩ هەزار دار و گوڵیان چاندووە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لە ساڵی ٢٠٢١دا، زۆرترین گوڵ و درەخت لە هەولێر چاندراوە، ئەوەش بەهۆی سەوزکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری لەلایەک و پڕۆژەکانی سەوزکردنی ئەندازەی پارکەکان لەلایەکی دی.

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، باسیان لەوەش کردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، ٨٧ هەزار و ٤٣٥ دار و گوڵیان لە (٨٤) شوێنی جیاجیا چاندووە.

ڕوونیان کردووەتەوە، ساڵانی پێشوو، بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، پشت بە هاوردەکردنی بەرهەمی دار و گوڵ لە دەرەوەی کوردستان دراوە، بەڵام لەو چەند ساڵەدا، نەمامنگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان، وایانکردووە حکوومەت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستێت و بەوەش داهاتێکی زۆر بۆ گەنجینەی حکوومەت گەڕاوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...