هه‌واڵ

چەندین ڕێستۆرانت و چێشتخانە و کافێ لەسەر قەڵای هەولێر دەکرێنەوە

زێدپرێس

پارێزگای هەولێر، وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ڕادەگەیەنێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕە پارەیە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر تەرخان دەکرێت، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی و نۆژەنکردنەوەی قه‌ڵای هه‌ولێر، کە “یه‌كێكه‌ له‌ پێگه‌ شارستانییه‌ به‌رچاوه‌كان و خاوه‌نی شێواز و ته‌لارسازی و كاره‌كته‌رێكی بیناسازی گرنگه‌ و به‌ درێژایی شەش هه‌زار ساڵ شوێنی نیشته‌جێبوون بووە”.

هەروەها، باس لەوە کراوە، کە جگە لەو بودجە دیاریکراوەش، “دوای ژێرخاککردنی کارەبای قەڵات، لە پێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵات و ئەو شوێنەوارە مەزنە کە مایەی شانازی گەلەکەمانە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکی نێو قەڵات”.

زیاتر دەڵێ: “بڕیاریشە، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، لە سەر قەڵای هەولێر چەندین ڕێستۆرانت و چێشتخانە و کافێ بکرێتەوە و ببێتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری نێو سەنتەری شاری هەولێر، تاکو ڕۆژانە و بەتایبەتی لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییان ڕووی لێبەكەن”.

قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، ڕووبەری (١٠٢ هەزار و ١٩٠) مەتر دووجایە و کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، ٤١٥ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا بەرزە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...