هه‌واڵ

٤٧٨ بازرگان و بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون

زێدپرێس-سلێمانی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، ٤٧٨ تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی لە دۆسیەی مادە هۆشبەرەکاندا ئاشکرا کرد. بەپێی ئامارەکە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، ٤٧٨ کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە، دەستگیرکراون.

لەو ژمارەیەدا، ٩٣ لە دەستگیرکراوەکان بازرگانی مادەی هۆشبەر و ٣٨٥ دەستگیرکراو بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکانن.

هەرچەند لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی هەرێمدا، بڕی ئەو مادە هۆشبەرانە ئاشکرا نەکراوە، کە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام ڕوونکراوەتەوە کە مادە دەستبەسەرداگیراوەکان لە جۆرەکانی (کۆکاین، شیشە، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریوانا، کتامین، حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر و کەلوپەلی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان) بوون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتباران بەپێی مادەکانی ٢٦ و ٣٠ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕاگیراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...