دژەتیرۆری سلێمانی هەڕەشەی توند دەکات
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کردەوەکە تیرۆریستی بووە و بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام دراوە و بەبێ سزا تێناپەڕێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی دا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی “لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، کە بەداخەوە ٣ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و ٣ پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون”.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر، دەڵێ “بۆ هەموو لایەکیشی ڕووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردووە بە هەماهەنگی هێزی هاوپەیمان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا، بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت ڕووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “بۆ ڕایگشتی ڕووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان بە شاراوەیی دەهێڵینەوە و لەداهاتوودا ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەین”.