هه‌واڵ

لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا دەکرێت

زێدپرێس-هەولێر

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لیژینەیەکی لە فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت بۆ چاودێری و وردبینیکردن لە پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) پێکهێنا.

بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی دەستپاکی، بە ژمارە ١٣١ی ڕێککەوتی ١١ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەستەی دەستپاکی لیژنەیەکی چاودێری و وردبینی لە پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە. لیژنەکە لە ئەندامانی هەردوو فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت پێکدێت.

هاوکات لە نووسراێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ژمارە ٨٠٠ی ڕێککەوتی ٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، کە ئیمزای ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵای بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ حکوومییەکانی کوردستان کراوە، تیایدا ڕوونکراوەتەوە، کە تیمی دەستەی دەستپاکی سەردانی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دڵنیابوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و سیستەمی خاڵبەندی لە نێوان پێشکەشکاران و ئاستی پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییە پێوەندیدارەکان. هەروەها تیمەکە دەیانەوێت ئاگەداری چۆنیەتی پێداچوونەوە بە پڕۆسەی تانەگرتن لەلایەن پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا بن.

هەر لەو نووسراوەدا، وەزیری خوێندنی باڵا، داوای لە زانکۆ حکوومییەکان کردووە، هەماهەنگی و کارئاسانی بۆ تیمەکەی دەستەی دەستپاکی بکەن.

لەلایەکی دیکە و بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ١٣٤١٨ی ڕێککەوتی ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، بە ئیمزای ژاڵە سەعید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە ئاراستەی زانکۆ حکوومییەکانی کوردستان کراوە، سەرۆکایەتی زانکۆکان لە پێکهێنان و سەردانی لیژنەی دەستپاکی ئاگەدار دەکاتەوە.

ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ، تاقیکردنەوەکانی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، کە ١٥ هەزار و ٧٢٨ خوێندکاری خوێندنی باڵا بەشداریان تێدا کرد.

پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و لە ٤ی تەمووزی ٢٠٢٣دا، زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکانی خوێندکارانیان بڵاو کردەوە و لە ٥ی تەمووزیشدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەنجامەکانی ڕاوندی تواناسازی نیشتمانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای پەسندکرد.

دوێنێ دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، حەوت بڕیاری نوێی لەبارەی وەرگرتنی پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا دەرکرد، کە تایبەت بوون بە پڕ کردنەوەی کورسییە بەتاڵەکان و چەند جیاوکێکی تایبەت بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و کەمئەندامان.

دوابەدوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی باڵا، ڕەخنە و نیگەرانییەکی زۆر لەئاست ژمارەیەکی بەرفرەوان لە خوێندکاران، لەڕێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە دەربڕدرا و گومانی خۆیان پیشان دا، لە دەستێوەردان لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و بەشێکیشیان باسیان لە پێدان و بەردەستخستنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان بۆ ژمارەیەک خوێندکاری دیاریکراو لە بەشە جیاجیاکان دەکرد. درەنگخستنی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، گومانی دەستێوەردان و یاریکردن بە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکانی زیاتر کرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...