هه‌واڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دا

زێدپرێس

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڵاوی کردەوە، دوای نۆ سەعات کۆبوونەوەی بەردەوام، لە کۆبوونەوەی ژمارە (٢)ی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم بڕیارانە دەرکران:

١- چەسپاندنی ئەنجامی بەرایی پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.
٢- ئەو پێشکەشکارانەی کە لەتاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون، بەڵام بەهۆی نەمانی کورسی خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجوومەنی زانکۆکان لەڕێگەی گواستنەوەی (موناقەلە)ی کورسییەکان لەهەمان بەشی زانستی یان زیادکردنی کورسی بەپێی توانای بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشی زانستی نێوان زانکۆکان، کورسی خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەی گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانی بنەڕەتی زانکۆکان، ئەوا بەشێوازی پارالێڵ دەبێت. ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانی کورسی خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچووان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەی سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنی خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولی داهاتوو.
٣-دوای جێبەجێ کردنی خاڵی دووەم، ئەگەر لەو بەشانەی کە کورسیەکانیان بەهۆی دەرنەچوونی پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێتەوە بە ڕەچاوکردنی ڕیزبەندی نمرەی توانستی زانستی پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنی باڵا، گشتی، و پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەی توانستی زانستی بەدەستهاتوو لە (١٠) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازی پارالێڵ دەبێت .
٤- کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی نمرەکەیان لە (١٠) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.
٥- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ڕێژەی (٧٠%)، کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە، کورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەی توانستی زانستی بەدەستهاتوو لە (١٠) کەمتر نەبێت .
٦- بڕیاردرا بە تەرخانکردنی کورسی خوێندن بۆ ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهەمان پێوەری خاڵەکانی (٤، ٥).
٧- بڕیاردرا ئامادەکاری بکرێت بۆ ڕاوندێکی تری خوێندنی باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردران لەسەرەتای مانگی ٩ی ٢٠٢٣ پلانی نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتی بنێرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...