هه‌واڵ

بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی نزیک لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەرچوو

زێدپرێس

بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە “خۆبەخشەکەی” گەرمیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەربەست ساڵح بەرپرسی ئابووری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکرد، بەڵام ناوبراو تۆمەتەکە ڕەت دەکاتەوە.

لە بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمریکا ئاشکرا کراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ١٣٣٢ی دادگای دوزخورماتوو کە لە ڕۆژی ٩ی تەمووزی ٢٠٢٣ دەرچووە و واژۆی دادوەر نوح جوامێری لەسەرە، بڕیاری دەستگیرکردن دەرچووە بۆ سەربەست ساڵح کە پێشتر وا بڕیاربوو سەرۆکی ڕەوتە سیاسیەیەکەی تەریقەتی کەسنەزانی بێت.

دەنگی ئەمەریکا کۆپییەکی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی دەستکەوتووە، کە لەسەر سکاڵای کۆمپانیای فرۆشگای نێودەوڵەتی بۆ خزمەتگوزاری نەوت دەرچووە.

لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “ڕۆژی ١٦ی مانگی شەشی ٢٠٢٣ لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە، هێزێکی ٢٦ کەسی کە چوار ئۆتۆمبێلیان پێبوو بە چەکی سوک و مام ناوەندییەوە هاتنە سەر کۆمپانیاکەمان لە نێوان قەزای خورماتوو و ناحیەی زنانە. هاتنی هێزەکە بە کامێرا تۆمارکراوە.”

بڕیاری دەستگیرکردنەکە بە پێی مادەی (٤٣٠)ە، لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە هەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ یاخود هەڕەشەکردن لە ڕێگەی خەڵکی ترەوە.

بەڵام سەربەست ساڵح بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بێ ئاگایی خۆی لە دەرچوونی بڕیاری گرتن بۆی نیشاندەدات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “تۆمەتبارکردنم ئەسڵ و ئەساسی نییە.”

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردووە، بە ئەبوو جونەید بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەکیەی کەسنەزانی، بەڵام ئامادە نەبووە لێدوان بدات.

کۆمپانیا نەوتییەکە شوێنی کارکردنی لە سنوری ناحیەی زنانەی سەر بە قەزای خورماتووەوە و کاری پاڵاوتنی گازو ڕۆن و ناردنییەتی بۆ ناوچەکانی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لوئەی مونعم گوتی، “هێزەکە پێیانوتین، ‘بە فەرمانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەبێت کۆمپانیاکە دابخەن.’ وتمان، ‘شێخ نەهرۆ کێ یە؟ چونکە نایناسین و هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵی نییە. ئەوان وتیان، ‘فەرمانمان پێکراوە.’ هەندێک لەو چەکدارانەمان ناسییەوە و پێشتر شۆفێر بوون و چەکداری کرێگرتەن.”

بەپێی دەنگی ئەمریکا، ئەو هێزەی تۆمەتبار دەکرێن بە هەڵکوتانە سەر کۆمپانیا نەوتییەکە بە “فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان” ناسراون. مێژووی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش و لە نزیکەی ٤٠ چەکداری گەنج پێکهاتوون.

لوئەی مونعم دەڵێت، “چەکدارەکان ١٦ کاتژمێر کۆمپانیاکەیان داخست و فەرمانبەرەکانیان دەستبەسەرکرد و نەیانهێشت کەس لە کۆمپانیاکە دەربچێت. دواتر پەیوەندیمان بە سکرتێری شێخ نەهرۆ کەسنەزانییەوە کرد و سکرتێرەکە وتی، ‘فەرمانمان پێکراوە بۆ داخستنی کۆمپانیاکە، چونکە کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە بە ناوی قوسەی.’ وتمان، ‘ئەم کارە شیاو نییە و مافیاگەرییە. سکرتێرەکە فەرمانیدا واز لە فەرمانبەرەکان بهێنرێت بەڵام کۆمپانیاکە دابخرێت. دواتر ئێمەش لە دادگای خورماتوو سکاڵامان تۆمارکرد و فەرمانی گرتن بۆ هێزەکە دەرچوو.”

سەبارەت بە ناسنامەی قوسەی ئەحمەد کە بە وتەی لوئەی مونعم سکرتێری شێخ نەهرۆ کردوویەتی بە بیانوو بۆ داخستنی کۆمپانیا نەوتییەکە، لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە وتی، “ئەوان دەڵێن قوسەی وەکیلی خێزانی شێخ نەهرۆیە. ئێمە ئەمە نازانین. کۆمپانیاکە هی دە پشکدارە و قوسەی یەکێکە لەوانە. قوسەی دوو ساڵە لەگەڵمانە و ٢٠٪ی کۆمپانیاکە هی ئەوە. نازانین سەربە کێیە.”

ڕۆژی دووشەم، هێزێکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە باخێکدا لە نزیک ناحیەی ڕزگاری گەرمیان هێرشی کردە سەر هێزە خۆبەخشەکە و لە ئەنجامدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا چەکدارێک کوژراوە و دوو چەکداری تریش برینداربوون. هەروەها چەند ئەندامێکی تری هێزەکەش دەستگیرکران کە لەلایەن ئاسایشەوە تۆمەتبار دەکرێن بە هەڕەشەکردن و سەرانەوەرگرتن.

لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیا نەوتییەکە، وتی”لە مانگی شەشەوە و بەهۆی هێرشی چەکدارەکانەوە ئیش و کارەکانمان ڕاگرتووە. سێ ڕۆژە کارمان دەستپێکردووەتەوە. چەکدارەکان سێ ڕۆژ لەمەوبەر دیسانەوە هاتنە سەرمان و پێشمەرگە ڕێی لێگرتن. ئەوان چەکیان بە ڕووی پێشمەرگەشدا بەرزکردەوە و مامەڵەیان زۆر ناشیرین بوو.”

بەپێی وتەی پلەدارێکی ئەمنی بۆ دەنگی ئەمەریکا، کاتێک هێزەکە بەرەو ناوچەی زنانە رۆیشتوون بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکە، هێزەکانی ئاسایش داوای ناسنامەیان لێکردوون، بەڵام ئەوان ناسنامەیان پێنەداون و وتوویانە ئەوانیش هێزێکن هاوشێوەی ئاسایش.

کۆمپانیا نەوتییەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند گرتەی ڤیدیۆیی ڕۆیشتنی هێزەکەیان بۆ سەریان داوەتە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

هێزە خۆبەخشەکە پێشتر بەردەوام چالاکیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردۆتەوە و لە چەندین ڤیدیۆشدا دیمەنی سەردانیان بۆ لای بەرپرسە حزبی و سەربازییەکانی یەکێتی بڵاوکردۆتەوە.

دوای هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئاسایشەوە، لە ئەکاونتێکی فەیسبوک کە بەناوی دارا عەتای بەرپرسی هێزەکەوە دانراوە و راستی و دروستی خاوەندارێتی ئەکاونتەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراستنەکرایەوە، ڕاگەیەنراوە، “ئێمە سەرانەمان لەکەس نەسەندووە و سەربە لیوا ئەیوبی فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت رەسوڵین، بەشێکیشمان کارمەندی کۆمپانیای شێخ نەهرۆ کەسنەزانین و هیچ کارێکی نایاسییمان ئەنجام نەداوە.”

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا ئەیوب فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت ڕەسوڵەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...