هه‌واڵ

چوار دەرمانخانە لە هەولێر داخران

زێدپرێس

بەهۆکاری بوونی دەرمانی قاچاخ و نایاسایی و بێ سەرچاوە، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داخستنی چوار دەرمانخانە لە هەولێر ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەمە ٥ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی تەندروستی، ڕای گەیاند، پاڵپشت بە ڕاسپاردە و بڕیاری لێژنەی لێکۆڵینەوە بە چاودێری سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، بەهۆکاری بوونی دەرمانی قاچاخ و نایاسایی و بێ سەرچاوە، چوار دەرمانخانە لە شاری هەولێر داخران بە ڕاگرتنی کاری پیشەی دەرمانسازی بۆ ماوەی شەش مانگ.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی دەرمانخانەکان پێکدێن لە:

  • دەرمانخانەی ئەمیر
  • دەرمانخانەی بیمار
  • دەرمانخانەی هاوس فارما
  • دەرمانخانەی پەخشان

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی/ بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی KMCA هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لە بەردەوامی چاودێریکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە پێناو سەلامەتی نەخۆش و ڕێگەگرتن لە هەر دەرمانێکی نایاسایی و نافەرمی و دوور لە پەسەندکراوی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان.

زیاتر دەڵێ “هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە کەوا دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی بێ سەرچاوە و بێ ستیکەر، هەروەها لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیکردن تیمەکانی چاودێری بازاڕی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێکار و سزای یاسایی لەبەرانبەر هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...