هه‌واڵ

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی دادوەری ئازاد و سەربەخۆ هەیە

زێدپرێس-هەولێر

 

نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی دادوەری ئازاد و سەربەخۆ هەیە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

لە ڕێککەوتی ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٣، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان. نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA) لە ڕێگەی تۆڕە حکوومییەکانیەوە شیکاری بۆ تێبینییە تایبەتەکان دەکات، کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێم دەکرێن، ئەمەش بەو پێیەی ئەو تێبینییانە پێویستییان بە پێویستییان بە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وردە.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (کۆمۆنوێڵس) و گەشەپێدان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی تیشک دەخاتە سەر بابەتگەلێکی بەرفرەوان لە جیهاندا، لەوانە مافەکانی ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان، ئازادی ڕۆژنامەنووسان و مافی خۆپیشاندان.

حکوومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر نەکراوە، ئەمەش پابەندبوونی هەرێم بە ڕێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە پیشان دەدات. جگە لەوەش حکوومەتی هەرێم ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوەی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی مافی ناڕەزایەتیی ئاشتییانە و هاوکات ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان دوور لە هەر پێشێلکارییەکی یاسایی.

بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن سوودمەندبن لە مافی وەرگرتنی زانیاریی دامەزراوە حکوومییەکان بە شێوازێکی شەفاف و بە پابەندبوون بە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی مامەڵە دەکەن. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١٣) دەرخستووە و لەم دواییانەدا گفتوگۆی زیاتر بۆ پابەندبوون بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بە یاسا بەرکارەکان و هەروەها چەسپاندنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کراوە، هاوتەریب لەگەڵ پەیماننامەکان و ڕێککەوتننامەکان لە سەر ئاستی جیهاندا. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری بکەن و دەستیان پێ بگات.

ڕاپۆرتەکە ڕەچاوی بارودۆخی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزبەندیی ڕێکارەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لێرەدا بۆ مەبەستی پاراستن و فەراهەمکردنی بێلایەنی لە دادگاکان، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێم سیستمێکی دادوەری ئازاد و سەربەخۆی هەیە و هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە خستووەتەڕوو. لە هەرێمی کوردستان لایەنی دادوەری سەرپەرشتی ئەو ڕێکارانە دەکات، کە کار بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان و دادگاییکردنیان دەکەن. هەروەها دەسەڵاتی دادوەری گەرەنتیی جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاسا ناوخۆییەکان و چەسپاندنی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

سەبارەت بە مافەکانی ژنان، حکوومەتی هەرێم وەک تاوانێک مامەڵە لەگەڵ کوشتن بە بیانووی شەرەف دەکات. پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٣ی ساڵی (٢٠١٥)ی دەرکردووە و بڕگەکانی مادەی ٤٠ی یاسای سزادانی عێراقی هەڵپەساردووە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی سزای هەر کەسێک هاوسەرەکەی یان یەکێک لە نزیکەکانی لە ڕەگەزی بەرانبەر (ژنەکان) بکوژێت یان توندوتیژییان بەرانبەر بکات بە بیانووی پاککردنەوەی شەرەف. لە هەرێمی کوردستان کوشتنی شەرەف وەک کوشتنی بە ئەنقەست دەستنیشان دەکرێت و ڕێوشوێنی سزای قورس واتە سزای هەتاهەتایی بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنرێت.

حکوومەتی هەرێم پاڵپشتیی حکوومەتی بەڕیتانیا بەرز دەنرخێنێت سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ – ٢٠٢٥) هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییە کە دراون بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و بنیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێمدا.

٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...