كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ

نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ منداڵی ئیشکەر لە کوردستاندا هەن

زێدپرێس

لە ڕووپێوی منداڵی ئیشکەر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ناوی هەزار و ٤٦٦ منداڵی ئیشکەر تۆمار کراوە و هەندێک ئاماری دیکەیش باس لە هەبوونی زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ منداڵی ئیشکەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا دەکەن.

لە نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئاماژە بە هەبوونی هەزار و ٤٦٦ منداڵی ئیشکەر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کراوە.

وەزارەتی کار، دەڵێ پلانی تایبەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی، پاش گەڕانەوەی پڕۆژەی سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە. پڕۆژەکە لانیکەم زیاتر لە دوو ساڵە باس دەکرێت و تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ئامارێکیان لەبارەی منداڵانی ئیشکەرەوە، بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە دا، لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٦٧٠ منداڵی ئیشکەر هەیە، کە هەزار و ٢٨٧ کوڕیژگە و ٣٨٣ کچۆڵەن. ئامارەکە، ژمارەی منداڵانی ئیشکەری ئاوارە و ناوخۆیی لەخۆدەگرێت. زۆرینەیان لە دهۆک بوون، کە هەزار و ٢٢ منداڵن. لەناویاندا ٦٩٤ کوڕیژگە و ٨٩ کچۆڵەی ئیشکەری ناوخۆیی، ٧٧ کچۆڵە و ٣٢ کوڕیژگەی ئیشکەر کە ئاوارەی ناوخۆی عێراق و هەروەها ١١٦ کچۆڵە و ١٣ کوڕیژگەی ئیشکەر لە خێزانە پەنابەرەکان بوون.

بەپێی ئامارەکە، هەولێر لە پلەی دووەم دێت، کە ٤٨٨ منداڵی ئیشکەری تێدا تۆمار کراوە، زۆرترینیان ئاوارەی ناوخۆی عێراقن. لەناویاندا، ٢٩٣ کوڕیژگە و ٢١ کچۆڵە، لەپاڵ ٧٩ کوڕیژگە و ٢٦ کچۆڵەی ئیشکەر لە خێزانە پەنابەرەکاندا و پاشان ٣٥ کوڕیژگە و دوو کچۆڵەی ئیشکەری ناوخۆیی.

ئامارەکە پیشانی دەدات، لە سلێمانی ١٦٠ منداڵی ئیشکەر هەیە، کە زۆرترینیان ئاوارەی ناوخۆی عێراقن، لەناویاندا ٦٦ کوڕیژگە و ٢٠ کچۆڵەی ئاوارەی ناوخۆیی عێراق، لەپاڵ ٢٠ کوڕیژگە و ١٠ کچۆڵەی ئیشکەر لە خێزانە پەنابەرەکاندا، پاشان تەنیا حەوت منداڵی ئیشکەری ناوخۆیی. لە ئامارەکەی سلێمانیدا، هەروەک ١٩ کچۆڵە و ١٨ کوڕیژگەی ئیشکەر وەک کۆچەری ناویان تۆمار کراوە.

هەرچەند لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣دا، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ئامارێکی دیکەی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە هەزار و ٢١٣ منداڵی ئیشکەر لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەن. لەو ژمارەیەدا، تەنیا نزیکەی ٥٠٠ منداڵی ئیشکەر ناوخۆیین و ئەوانی دی منداڵی ئاوارە و پەنابەرانن.

لە حوزەیرانی ئەمساڵیش، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ژمارەیەکی دیکەی خستەڕوو، کە لە ڕووپێوی منداڵانی ئیشکەر و سەر شەقام و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ڕوانگە بۆیان دەرکەوتووە، لە سنووری پارێزگاکانیی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، هەزار و ٤٦٦ منداڵی ئیشکەر هەن. ئەوە هەمان ئەو ژمارەیەیە، کە لە ڕاپۆرتی وەزارەتی کاردا و پێوەست بە ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە، بەبێ ئاماژەدان بە ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان.

بەگوێرەی ئامارەکە، هەزار و ١٠ منداڵی ئیشکەر لە سلێمانی، ١٢٤ منداڵی ئیشکەر لە هەڵەبجە، ١٢١ منداڵی ئیشکەر لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ٢١١ منداڵی ئیشکەر لە ئیدارەی گەرمیان هەن. هەروەها، بەڕێژەی ٥٥٪ی ئەو منداڵانە لە خوێندن دابڕاون و ٩٪یشیان خوێندەواریان نییە.

هەر لە ١ی حوزەیرانی ئەمساڵ و لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، بەرپرسانی وەزارەتی کار و منداڵپارێزی کوردستان دووپاتیان لە هەبوونی ٥٠٩ منداڵی ئیشکەر لە هەولێر و ٥٢٢ منداڵی دیکەی ئیشکەر لە دهۆک کردەوە. ئەوان گوتیان، ژمارەکانی منداڵی ئیشکەری ناوخۆیی کەم بوونەتەوە و ئەوانەی ماونەتەوە، منداڵی ئیشکەری ئاوارە و پەنابەرن.

پاڵپشت بەو ژمارانەی دوایی، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

بەگوێرەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، تا ساڵی ٢٠٢١، بە دیاریکراوی ١٦٠ ملیۆن منداڵی ئیشکەر لە جیهاندا هەبوون، کە ٧٩ ملیۆنیان کاری مەترسیدار دەکەن، هەر ئەوکات ڕێکخراوەکە، پێشبینی هەڵکشانی لە ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا خستەڕوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...