هه‌واڵ

دژی بڕیارێکی حکوومەت ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر کارکردنیان ڕاگرت

زێدپرێس

 

دژی بڕیارێکی حکوومەتی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی نرخی نان و سەموون، ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر کارکردنیان ڕاگرت و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە بەیاننامەیەکدا ٦١٠ خاوەن نانەواخانەی هەولێر، دژی بڕیاری فرۆشتنی ١٠ نان بە هەزار دینار، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن حکوومەتەوە دەرکراوە و حکوومەتی خۆجێی هەولێریش بڕیاری جێبەجێکردنی داوە، کارکردنیان ڕاگرت.

لە بەیاننامەکەدا، خاوەن نانەواخانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەو بڕیارە زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، ئەوان فشاری زۆریان لەسەرە و وەک خۆیان دەڵێن “دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان”.

هەرچەند پێشتر لە میدیای حکوومەت و حزب و بەرپرسانی حکوومەتی خۆجێی هەولێر، بڕیارەکە بەناوی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەندرا، خاوەن نانەواخانەکانیش داواکارییەکەیان ئاڕاستەی سەرۆکی حکوومەت کردووە بۆ بەدەنگەوەهاتنیان.

 

دەقی بەیاننامەکە:

 

بەیاننامەیەك لە خاوەن نانەواخانەكانی هەولێر

بۆ بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

ئێمە وەكو خاوەنی ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر كە ئەمڕۆ كارمان نەكردووە بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە، دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان، تكامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی هەولێر ڕابگرە، چونكە بەڕاستی ئەوان ڕێنادەن كار بكەین.

ئێمە دەمانەوێت كاری خۆمان بكەین، ڕاستە ئێستا ئارد هەزران بووە، بەڵام كاتێك شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیا بوو فەردەیەكی ئاردمان بە ٤٥ هەزار دینار دەكڕی ئەو كات بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هاووڵاتییان نەكات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین، ئێستاش خاوەن نانەواخانە هەیە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دینار قەرزی ئەو كاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە.

بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر و قایمقامی هەولێر جێبەجێی‌ دەكەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسایی بكەن، چونكە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە كرێكاری خۆمان دەربكەین و كرێكاری تر بهێنین بۆ شوێنەكانیان، ئەمەیش پێشێلی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییە، كە نازانین بۆچی هێندە دژی كرێكاری خۆمان كار دەكەن و ڕقیان لێیان دەبێتەوە.

بەڕێز سەرۆكی حكوومەت، ئەمڕۆ ٦١٠ نانەواخانە كارمان نەكردووە واتا ١٨٣٠ كرێكار كاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی هیچ كەسێك نین، بەڵكوو قرقرتۆكمان گیراوە ناهێڵن كار بكەین، ئەو هەموو هەڕەشەیەی لەلایەن بەرپرسانی هەولێر لێمان دەكرێت بەناوی بەڕێزت كە خۆمان بڕوا ناكەین ئەوە قسەی تۆ بێت و تۆ هێندە لەگەڵ ئێمە توند بیت، بۆیە تكامان وایە خۆت بیانوەستێنە چیتر بێزارمان نەكەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...