پارتی: هاوپەیمانی و گردبوونەوە بە سپۆنسەری لایەنێکی ئیقلیمی لە دژمان دەکرێت
زێدپرێس
ڕۆژی یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی لێدوانەکانی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی دایەوە و گوتی “هه‌قه هه‌ندێ كه‌سایه‌تی سیاسی، به ویژدانه‌وه ڕه‌خنه بگرن، كێشه نییه بانگه‌شه بۆ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام ناهه‌قییه ئاستی زمانی قسه‌كردنیان هێندە بێننە خوارێ کە لە ئاست ئەو ڕێزە نەبێت کە پارتی لێیان دەنێت”.
بابەتەکەی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەناوی “چاودێرێک”ەوە، نووسراوە. ئەوە یەکێکە لە شێوازەکانی بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەت و وەڵامدانەوەی سیاسی، کە وەک نەریتێکی سیاسی و میدیایی، بەردەوام لە میدیای پارتیدا دەبینرێت.
نووسینەکە، لە بنەڕەتدا وەڵامدانەوەکە بۆ لێدوانەکانی سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان. باس لەوە دەکات، “هه‌ر كه باس و خواسی هه‌ڵبژاردن دێته گۆڕێ، لایه‌نه‌كانی كوردستان (تا) ده‌یانگرێت، كه به (تا)ی هه‌ڵبژاردن ناسراوه. ڕاستییه‌كه‌ی ناوه‌كه زۆر له‌جێی خۆیه‌تی، چونكه مرۆڤ، كه به‌توندی (تا) لێی بدات، هه‌ندێ جار ئاگای له‌خۆی نامێنێ و، له‌خۆیه‌وه قسه ده‌كات”.
ماڵپەڕی فەرمی پارتی دووپاتی دەکاتەوە، کە “پارتی هیچ كاتێك له هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه، هەروەک له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا یه‌كه‌م بووه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دواتریش هه‌ر له پله‌ی یه‌كه‌مدا ماوه‌ته‌وه، جا ئه‌گه‌ر حزبێك له پله‌ی یه‌كه‌مدا بێت، بۆ ده‌بێ له هه‌ڵبژاردن بترسێت. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن ترسیان هه‌یه، چونكه هیچ شتێك نه‌ما له دژی پارتی په‌نای بۆ نه‌به‌ن”.
هەر لە نووسینەکەدا هاتووە، “هیچ حزبێك له ژیانیدا، هێنده‌ی پارتی گه‌له‌كۆمه‌ی له دژ نه‌كراوه، به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دوایی تا به ئێستا ده‌گات. ته‌نانه‌ت له ناوخۆی كوردستاندا، هاوپه‌یمانی و گردبوونه‌وه، به سپۆنسه‌ری لایه‌نێكی ئیقلیمی، له دژی پارتی ده‌كرێت”.
لەمەڕ لێدوانەکانی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش، بە ئاماژەکردن بەو بەشە لە قسەکانی کە گوتبووی ” پارتی و یه‌كێتیش ئه‌گه‌ر فشار نه‌بێ حه‌زیان له هه‌ڵبژاردن نییه”، نیگەرانی دەردەبڕێت و دەڵێ “پێمان ناخۆشه ئه‌مینداری یه‌كگرتوو ئه‌و شێوه ئاخاوتنه له‌خۆی بوه‌شێنێته‌وه”، زیاتر دەڵێ “هه‌قه مامۆستای ئه‌میندار بۆ خوا بڵێ، ئایا پارتی مه‌رجی هه‌موو لایه‌نه‌كانی به یه‌كگرتووشه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن قبووڵ نه‌كردووه؟ ئاخر كه‌ی ڕه‌وایه وەکو هەمیشە ناوی پارتی لەگەڵ لایەنی دیکە بێنن و بگوترێ پارتی فشاری له‌سه‌ر نه‌بێ هه‌ڵبژاردن ناكات؟!”.
“پارتی نەک هەر حه‌ز ده‌كات هه‌ڵبژاردن بكرێت، بەڵکو دوای گرتنەبەری ڕێککارە یاساییەکان و دانوستاندن، فشاری شەرعی پەرلەمانیشی بەکارهێنا بۆ هێنانە ژێرباری لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن بە یەکگرتووەکەی بەڕێز مامۆستا سڵاحەدینیشەوە”، ماڵپەڕی فەرمی پارتی وا دەڵێت.
لەدرێژەی بابەتەکەدا باس لەوە دەکات، “ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ٣٣ ساڵه‌ی پارتی، كه مامۆستا باسی ده‌كات، هەر له ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه بووە و هیچ جارێکیش لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهاتووە یاخود چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن لە حکوومەت نەکشاوەتەوە و وەکو ئەوەی کە مامۆستا دەیڵێت (فاشیل) نەبووە، بەڵکو ئه‌و لایه‌نانه‌ی لەهیچ وێستگە و قەیرانێکدا بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن، (فاشیل)ی بەردەم خەڵک و جەماوەرن، بۆیە نایانه‌وێ هه‌ڵبژاردن بكرێ”.
زیاتر هاتووە “ئێستا هه‌ندێ لایه‌ن، كه به كه‌یفی خۆیان ڕووی ده‌میان كردۆته پارتی و چی به‌سه‌ر زاریاندا بێت نایگێڕنه‌وه، پێیان وایه تاكه ڕێگه بۆ په‌راوێزخستنی پارتی په‌كخستنی دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه”.
ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕوونی دەکاتەوە، “له چوارچێوه‌ی (تا)ی هه‌ڵبژاردندا، هه‌ر لایه‌نه‌یه و خۆی ده‌كاته فریشته، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه ته‌نیا پارتییه، كادیره‌كانی ده‌بنه په‌رله‌مانتار و پله باڵاكانی حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن، سه‌یره هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی زۆر قسه له‌سه‌ر پارتی ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌ێ وای وێنا بكه‌ن، كه سه‌ركرده و كادیری ئه‌وان له‌و ٣٣ ساڵه‌دا، مووچه‌ی په‌رله‌مانتاری و پله‌ی باڵایان له (تورهكەی پاره)ی حكوومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه. هه‌موو ئه‌و حزبانه به‌پێی قه‌باره‌ی خۆیان كورسیان هێناوه و پشكیان له حكوومه‌ت هه‌بووه، وه‌ك پارتی وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و پله‌ی باڵای دیكه‌ی حكوومه‌تیان هه‌بووه”.
لە کۆتایی وەڵامدانەوەکەشدا دەڵێ، “جیاوازیی پارتی ئه‌وه‌یه، له هه‌موو بارودۆخێكدا شانی داوه‌ته به‌ر به‌رپرسیارییه‌تی، له گه‌رمه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی (تا)ی هه‌ڵبژاردنیشدا پارێزراوه، بۆیه به پشوودرێژییه‌وه ده‌چێته هه‌ڵبژاردنه‌وه”.