هه‌واڵ

ئەنجامنامەی کۆنفرانسی لۆزان ڕاگەیەنرا

زێدپرێس

لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بە بەشداری پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و یاساناس و ڕوناکبیر و کەسایەتی، نوێنەری پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان، کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان بەسترا، لەو جێگایەی بەر لە ١٠٠ ساڵ بڕیاری نکۆڵیکردن لە گەلی کورد و مافەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی لۆزان درا.

کۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەکات کە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان کردووە، پشتگیری گەلی کوردستان بکەن و ھاوکاربن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە مێژووییە و، پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان بن.

 

دەقی ئەنجامنامەی کۆنفرانسی لۆزان:

 

یەکەم: لە ئاستی نێودەوڵەتی

١- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

٢- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمسیۆنێکی نێونەتەوەیی دروست بکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ.

٣- کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.

٤- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

٥- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجامنامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

٦- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پڕۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان. بە پشتبەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵەتی.

٧- ڕێگریکردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بە گەلی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی. بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

٨- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی، ئازاد بکرێن.

 

دووەم: لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان

١- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسییەکان.

٢- وەلانانی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.

٣- دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بە ئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاڤا.

٤. پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی.

 

ڕاپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان.

١- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژ و پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.

٢- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و ڕێزگرتن لە پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان.

٣- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەودانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.

 

سێیەم: لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە:

١- پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریا و تورکیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو تورکیا و سوریادا بەو دیڤاکتۆیەکییەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن.

٢- ئەو دیڤاکتۆ خۆبەڕێوبەرییەی کوردستان لەناو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت.

٣- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە بە ھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە ڕێککەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.

٤- داخوازییەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بەو بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمیایەتییەکانی ناموسڵمان دراوە، بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەکردن جێبەجێ بکرێت.

٥- ئێزیدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری ناموسڵماندان، ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ ڕۆم و ئەرمەنی و سریانی و کلدانی قبوڵ کراوە، بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان پەسەند بکرێت.

٦- پێویستە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان ھەریەک نووسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بەرابەری بکرێتەوە.

٧- ئۆرگانێکی ڕاوێژکاری و ڕێنیشاندەر لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت. لە پێناو ھۆشیاری و بەرچاوڕوونی و پلاندانانی ھاوبەش.

٨- دواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی کوردستانی عیراق و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرانبەردا ھەموو تێکەڵاوییەکی سیاسی و کەلتووری، ئابووری و کۆمەڵاتی لەنێوان خۆیاندا پیادە بکەن. بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

٩- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.

١٠- بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...